یوسرا ڕەجەب تەنها كاندیدی تەڤگەری ئازادی بۆ پەرلەمانی عیراق

1561 جار خوێندراوەتەوە کات11:55 بەروار20-05-2018
یوسرا ڕەجەب تەنها كاندیدی تەڤگەری ئازادی بۆ پەرلەمانی عیراق
راچڵەكین ـ

یوسرا ڕەجەب، کاندیدی هەڵبژێردراوی لیستی 120ی نەوەی نوێ‌ دەڵێت" پەرلەمانتارانی  پێشووی کورد لە عێراق خەمخۆری ڕاستەقینەی گەل و خاکیان نەبوون و ئیمە لە داهاتوودا هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی دەدەین و بە دەستور دژی داگیرکارییەکان دەوەستینەوە".

یوسرا ڕەجەب، کاندیدی هەڵبژێردراوی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەسەر لیستی ١٢٠(نەوەی نوێ)، لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە کارنامەی تەڤگەرەکەیان دژبە داگیرکارییەکانی سەر گەلەکەمان، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد.

یوسرا ڕەجەب، وتی" بەشێک لە کارنامەی ئێمە دروستکردنی کۆدەنگیی نێو پەرلەمانە بۆ ڕێگەگرتن لە سنوربەزاندن و داگیرکردنی خاکەکەمان".


ئەو کاندیدە هەڵبژێردراوە، ئاماژەی بە پاڵپشتیی دەستور کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی و وتی" لە ماددەی یەکی دەستوری عێراقدا هاتووە عێراق سەربەخۆیە و خاوەن سیادەیەکی تەواوە، کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، لە مادەی هەشتی هەمان دەستوردا هاتووە کە عێراق پارێزگاری لە نیازپاکیی و دراوسێیەتی باش دەکات لەگەڵ دەوڵەتەکانی تردا و ڕێگەش نادات بە هیچ دەوڵەتێک کە تەداخولی ناوخۆی عێراق بکات".

ناوبراو، لە بەردەوامییدا وتی"لە ئێستادا دەوڵەتی تورک دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و دەیان بنکە و بارەگای سەربازیی داناوە، کە ئەمە داگیرکارییە و هیچ نیازپاکییەکی تێدانییە، بۆیە ئێمە لە داهاتوودا بە پێی دەستور لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناهێڵین ئەم داگیرکارییانە بچێتە سەر و دژی دەوەستینەوە".

هەروەها، ڕەخنەی لە نوێنەرە کوردەکانی خولەکانی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرت و وتی" لە ڕابردوودا ئەو نوێنەرە کوردانەی چوونەتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خەمخۆری ڕاستەقینەی گەل و خاک و نیشتیمانەکەی خۆیان نەبوون، لەبەرئەوە نەیانتوانیووە یەکڕیزیی و کۆدەنگییەک دروستکەن دژ بە داگیرکارییەکانی سەر گەلەکەمان".