پیرە: یەكێتی بەشدارێكی ڕاستەقینە نییە بەتایبەت لە وەزارەتە سیادییەكان

203 جار خوێندراوەتەوە کات08:36 بەروار26-03-2019
پیرە: یەكێتی بەشدارێكی ڕاستەقینە نییە بەتایبەت لە وەزارەتە سیادییەكان

راچڵەكین-

ئەندامێكی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان دەڵێت،یەكێتی ناتوانێت بەرپرسیارێتی ئاكامەكانی نەزاهەت و بەكارهێنانی هێزی ئەمنی و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم بگرێتە ئەستۆ، چونكە بەشدارێكی راستەقینە نییە، بەتایبەت لە وەزارەتە سیادییەكان.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەمیانی بەشداریكردنی لە گەشتی هەواڵەكانی كوردسات نیوز رایگەیاند:" یەكێك لەو وەزارەتانەی كە بەحساب سیادییە و دەدرێت بە یەكێتی‌، وەزارەتی‌ پێشمەرگەیە، كە پێشتریش وتومە ئەو وەزارەتە لە یەكەی‌ 70 و 80 پێكهاتووە، ئەگەر وەزیر یەكێتی‌ بێت، تەنها وەزیری‌ یەكەی‌ 70 دەبێت و ئەگەر وەزیر پارتی‌ بێت تەنها وەزیری‌ یەكەی‌ 80 دەبێت، بۆیە هەتا هێزی پێشمەرگە لە هێزێكی حزبی نەبێتە هێزێكی نیشتیمانی ئەو وەزارەتە نابێتە سیادی". ئەو نوێنەرایەتییانەی‌ ئێستای‌ یەكێتی‌ لە ئیدارەدانی‌ وەزعی‌ سیاسی‌ و ئەمنی‌ و پەیوەندییەكان نوێنەرایەتییەكی‌ زۆر لاواز و بێهێزە".

لەبارەی ئەو وەزارەتانەی یەكێتی هەیەتی، سەعدی پیرە روونیكردەوە:"یەكێتی‌ لە وەزارەتە سیادییەكان هیچی‌ نییە، نە وەزارەتی‌ نەوت و نە وەزارەتی‌ دارایی هەیە، پێشمەرگەش رەوشەكەی بەو شێوەیەیە كە باسم كرد، بەحساب یەكێتی‌ هێزی‌ دووەمە و دەبێت بەرپرسیارێتی‌ هەڵبگرێت".

ئەوەشی خستەرو،"یەكێتی‌ لە بوارەكانی‌ تری دارایی، نە نەوتی‌ بەدەستە نە دارایی بەدەستە، دەبێت بەرپرسیارێتی ئەنجامی دۆخی داراییش بكات، بۆیە زەحمەتە بۆ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌، وەفد هەر كەسێك بێت رەزامەندی لەسەر ئەم شێوە لە رێكەوتن بدات، چونكە ئەمە ناوەڕۆكی‌ رێكەوتننامە سیاسییەكە "نەسف" دەكات".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت:"دەبێت یەكێتی یەكێك لە وەزارەتە سیاسییەكانی وەكو دارایی و نەوتی بەدەست بێت، بۆ ئەوەی ببێتە بەشدارێكی راستەقینە لە ئیدارەدانی حكومەت".