ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی قەرزەكانی حكومەت لای فەرمانبەران و دانەوەی لەو مووچانەی پاشەكەوتكراون كۆدەبێتەوە

228 جار خوێندراوەتەوە کات11:16 بەروار26-03-2019
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی قەرزەكانی حكومەت لای فەرمانبەران و دانەوەی لەو مووچانەی پاشەكەوتكراون كۆدەبێتەوە

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی پرۆژەیەك تایبەتە بە دانەوەی قەرزە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت لەلای فەرمانبەران لەو مووچانەی خودی فەرمانبەران كە لەچەند ساڵی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم پاشكەوتی كردووە بۆیان، كۆدەبێتەوە.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند:" پێشتریش كاریان لەسەر پڕۆژەیەكی وەها كردووە، كە لە پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، قەرزە خزمەتگوزارییەكان بدرێتەوە."

 وتیشی :"ئێستاش كە بە دوو قۆناخ پاشەكەوتی مووچە هەڵگیراوە، كار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەكەینەوە بەو جۆرەی لە پارەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران، قەرزە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو، كارەبا، پێشینەكانی خانووبەرە، هاوسەرگیری، كشتوكاڵی ‌و قەرزی بچووك بدرێتەوە. وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەكرد: "لە پڕۆژەكەماندا كە ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجوومەن گفتوگۆی لەسەر دەكەین، پێشنیازمان كردووە حكومەت هەژمارێكی بانكی بۆ هەر فەرمانبەرێك بكاتەوە و مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەو هەژمارانەدا دابندرێت ‌و دواتر بەشێكی لەگەڵ قەرزە خزمەتگوزارییەكان ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، ئەوكاتە فەرمانبەر ئامادە دەبێت ئەگەر قەرزی دیكەشی لابێت بیداتەوە.

28ی مانگی 12ی ساڵی 2016 ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر بڕیارێكی لەبارەی پاشەكەوتی‌ موچەوە پەسەندكرد، كە تێیدا بۆ هەرفەرمانبەرێك هەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە و موچە پاشەكەوتكراوەكەی دەخرێتە سەر حسباكە و فەرمانبەران دەتوانن قەرزی‌ حكومەتی‌ پێبدەنەوە.

بەڵام دوای ئەوەی بڕیارەكە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرا، بڕیارەكەی جێبەجێ نەكرا و ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا جێبەجێكردنی بڕیارەكە بۆ دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران دوابخات.

لەدوای زیاتر لە سێ‌ ساڵ، رۆژی 8-3-2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان نەدراوە.