عارف ڕوشدی: یەكێتی بەهۆی كێشەو ململانێكانی ناوخۆی خۆیەوە.. گۆڕانكاری لە داواكاری وقسەكانیدا دەكات

337 جار خوێندراوەتەوە کات11:32 بەروار26-03-2019
عارف ڕوشدی: یەكێتی بەهۆی كێشەو ململانێكانی ناوخۆی خۆیەوە.. گۆڕانكاری لە داواكاری وقسەكانیدا دەكات

راچڵەكین-

راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت،  لە گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی هەموو جارێك جێگۆڕكێ بەقسە و داواكارییەكانیان دەكەن، بەشێك لەهۆكاری ئەو گۆڕانكارییانەش لەداواكاری و قسەی یەكێتی بەهۆی كێشە و ململانێی نێوخۆیی خۆیەتی.

عارف ڕوشدی، لە وتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەڵێت:" لەهەموو دونیادا حكومەت، حكومەتی خەڵكە، خەڵك بۆ ئەوە بەشداری لەهەڵبژاردن دەكات تا حكومەتێك پێكبهێنرێت و خزمەتی خەڵك بكات، لەو سۆنگەیەوە پارتی پێی باشە هەموو لایەنەكان چۆن بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەوجۆرە بەشداری لەحكومەتیشدا بكەن تا لەو ڕێگایەوە "تموحی" خۆیان جێ بەجێ بكەن وەكو وەڵامدەرەوەیەك بێت بۆ خواستەكانی خەڵك."

دەشڵێت:" پارتی بەهێمنی كاردەكات و "تەحەمولی" زۆری هەیە وە تا ئێستاش هەروا ڕۆیشتووە ئومێد دەكەین ئەو دوو لایەنەی تر كەماون یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی-ش كە نیازی بەشداری كردنیان هەیە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی گونجاودا بڕیار بدەن و لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون وە ئەوكاتەی كە پێیان دراوە درێژتر نەبێتەوە زیاتر پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە بڕیاری خۆیان بدەن و لەگەڵ پارتی ڕێك بكەون تا لەسەرەتای مانگی داهاتوو حكومەت پێكبهێنرێت و ئەو یاسایانەی پێویستن هەموار بكرێنەوە."

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت " ئێمە پێمان باش نیە بێ ئەو لایەنانە (یەكێتی و كۆمەڵ)  هیچ هەنگاوێك بنێین، وە ئەوە بۆچوونی منە كە چیتر وەخت درێژ نەبێتەوە چونكە سەری ئەم مانگە دەبێتە شەش مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان چونكە ئەو ماوەیە بۆ هەرێمی كوردستان زۆرە هیوادارم هەموو لایەنەكان بگەنە ڕێكەوتنێكی هەمەلایەنە بۆ پێكهێنانی حكومەت."

ڕوشدی ئەوەشی وت" ئێمە كاتێك-مان بۆ ئەو لایەنانە دیاری نەكردووە بڵێین ئەگەر تا ئەوكاتە بەشداری حكومەتتان نەكرد پارتی حكومەت پێكدەهێنێت بەڵام دەڵێین كاتەكە بەكراوەیی نامێنێت، ئێمە دەڵێین تا پێمان بكرێت و بە ئاسایی بزانین لەگەڵ ئەو لایەنانە كاردەكەین بەڵام ئەگەر بزانین لە "حەد" بەدەر دەبێت چونكە خەڵك قبوڵ ناكات، خەڵك چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەت و دامەزراندن و هەلی كارە، خەڵك حكومەتی بۆ ئەوانە دەوێ بۆیە ئێمە دەڵێین كاتەكە بەكراوەیی نامێنێت، چونكە لەهەموو دنیادا وایە خۆ بەساڵ چاوەڕێی لایەنێك ناكرێت، مانگێك، دوو ، سێ ، ئەوە بووە نیو ساڵ ئیتر خەڵكەكە لێمان قبوڵ ناكات."

ئاماژەی بەوەشدا:"" دەبێت ئێمە هەمووان ئەوە تێبگەین جا پارتیە-یەكێتیە یاخود گۆڕان كە ئەو میللەت و وڵاتە بارمتە نین بەدەستمانەوە، ئێمە هێزی سیاسین بەڵام گەل سەروەرە، وڵات پیرۆزە، كە خەڵك متمانە بە ئێمە دەدات بۆ حوكمڕانی ئەبێت مەمنون بین ناكرێت لەپێناو ئەم وەزارەت و ئەو وەزارەت دەستی دەستی بەیەكتر بكەین."

سەبارەت بەداواكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەشداری راستەقینە لەحوكمڕانی؟ عارف ڕوشدی وتی:" بەڕاستی نازانم بەشداری ڕاستەقینە واتای چی! ئێمە ماوەیەكی زۆر لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كارمان كردووە هەمیشە ئەگەر هیچ لایەنێك بەشداری ڕاستەقینە نەبوبێت بەڵام یەكێتی بەشداری ڕاستەقینەی هەبووە سەرۆكی حكومەت بووە، جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەوەزارەتە سیادییەكان بووە لە پێشمەرگە بووە هەر لایەنێكی تر ئەو قسەیە بكات" ئەه" بەڵام یەكێتی نا چونكە ئاگاداری هەموو وردەكارییەكان بووە، یەكێتی هەموو شتێك بووە هیچ وەختێك یەكێتی لەحكومەت پشتگوێ نەخراوە، هیچ واتایەك بۆ ئەو دەستەواژەیە نیە بۆیە دەبێت ئێمە چیتر بیانوو بەیەكتر نەگرین بێینە "واقیعی عەمەل" قەرەبووی خەڵك بكەینەوە چونكە خەڵك كاری دەوێ، دۆخی خەڵك چاك بكەین."

دەربارەی ئەوەی یەكێتی لە ئێستادا چ داواكارییەكی هەیە كە بەپارتی جێ بەجێ نەكرێت؟ عارف ڕوشدی وتی" ئێمەش تێناگەین بەڕاستی هەموو جارێك جێگۆڕكێ بەقسە و داواكارییەكانیان دەكەن، بەبۆچونی من نابێت ئەوە هەبێت دەبێت ئەو لایەنە سیاسە خۆی یەكلایی كردبێتەوە بێت لەگەڵ براوەی هەڵبژاردنەكان كە پارتی دیموكراتی كوردستانە ڕێك بكەوێ."

ڕاشیگەیاند" یەكێتی دوو، سێ جار گۆڕانكاری بەسەر داواكارییەكانیدا دەهێنێت، پێمان باشە یەكێتی زیاتر خەمیان خەمی جێ بەجێ كردنی بەرنامەیەكی باشە بێت چونكە ئەوە لەخزمەتی هەموو لایەنە سیاسیەكاندایە."

عارف ڕوشدی هۆكاری "گۆڕانكاری كردن" لەداخوازییەكانی ئەو حیزبە گێڕایەوە بۆ كێشەی نێوخۆیی و وتی:" بەشێك لەهۆكاری ئەو گۆڕانكارییانە كێشە و ململانێی نێوخۆیی یەكێتی خۆیەتی، پارتی-ش تا ئەو "حەدە"ی دەرفەت هەبێت چاوەڕێی یەكێتی دەكات، چونكە یەكێتی حیزبێكه پێگە و جەماوەری خۆی هەیە."