بەشیر حەداد: دەنگۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دورە لەراستیەوە

175 جار خوێندراوەتەوە کات02:20 بەروار26-03-2019
بەشیر حەداد: دەنگۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دورە لەراستیەوە
 
راچڵەكین 
 
 
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و دەنگۆی بڕینی لەلایەن بەغداوە راست نییە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئاداری 2019 د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید رایگەیاند: "مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی 2019 پەسەندکراوە و دەنگۆی بڕینی راست نییە. هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان ناکرێت".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەو سیاسەتی دژایەتیکردنەی هەرێمی کوردستان و بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە کۆتایی پێهاتووە و ئێستا قۆناخێکی تازە و سیاسەتێکی تازە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە و بە پێچەوانەوەش سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو. لەبەرئەوە ئەوانەی وابیردەکەنەوە دیارە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەوانەوە".
 
ئەوەشیخستەڕوو "چۆن لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ساڵی 2019 توانیمان مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە ململانێ سیاسییەکانی عێراق دەربێنین، بەهەمان شێوەش پێویستە ئەو بابەتە لە ململانێ سیاسییەکان دەربچێت، لەبەرئەوە ئەگەر گرژییەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان رووبدات، نابێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵكی بخەنە دڵەڕاوکێوە".
 
باسی لەوەشكرد، "ئەگەر رادەستنەکردنی نەوت ببوایە هۆکارێک بۆ نەدانی مووچەی فەرمانبەران، کە سێ مانگە نەوت رادەستنەکراوە، دەبوایە حکومەتی عێراق ئەو سێ مانگە پارەی رەوانە نەکردبایە. لەبەرئەوە رەوانەنەکردنی نەوت کێشەنابێت و ئەمە لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگرکراوە".
 
دوێنی دوای كۆبونەوەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران چەند ئەندامێكی لیژنەكە باسیان لەئەگەری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرد بەهۆی رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە بەغدا. 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ بکات، ئەوا بودجەی هەرێمی کوردستان 10 ترلیۆن و 844 ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەولێر 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەست نەکات، ئەوا بەغدا مانگانە 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت.