بارەگای بارزانی وەڵامی عەبادی دایەوە

388 جار خوێندراوەتەوە کات04:19 بەروار26-03-2019
بارەگای بارزانی  وەڵامی عەبادی دایەوە
 
راچڵەكین 
 
بارەگای مەسعودبارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت،  حەیدەرعەبادی بەداخەوە هەندێ قەزاوەت و قسەی نابەجێی لەبارەی كەركووك و پێشمەرگە و گەلی كوردستان خستووتەڕوو كە مەبەست لێی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەیە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە نووسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی لەرونكردەوەیەكدا  رایگەیاندووە، حەیدەر عەبادی سەرۆكی یەكێك لە كوتلەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دیجلە كە ڕۆژی شەممە 23ـی 3ـی 2019 بڵاوكراوەتەوە، بەداخەوە هەندێ قەزاوەت و قسەی نابەجێی لەبارەی كەركووك و پێشمەرگە و گەلی كوردستان خستووتەڕوو كە مەبەست لێی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەیە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردووە.
 
 
ئاماژەی بەوەشداوە، "بۆ هەموو لایەك ڕوونە كە پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی و هەموو ئەوانەی تریان سزا دا كە بەنیازی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی پێكەوەژیان بوون و لە بەرانبەر گەلی كوردستان حاقد بوون و پێشێلكاریی دەستووری و تاوانیان لە كەركووك و دوز ئەنجام دا و لە هەمانكاتدا گەلی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا پاداشی پێشمەرگە و بەرگریكارانی كوردستانیان دایەوە".
 
 
باسی لەوەشكردووە، "عەبادی كەسێكی بێ وەفا بوو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بە موسڵ نەدەكەوت بۆ ئەوەی بتوانێ سەركەوتن بەسەر داعش لە موسڵ بۆ خۆی بدزێت و خۆی پێ هەڵكێشێ." 
 
 
بارەگای بارزانی ئەوەشیخستووەتەڕوو،" بەلای گەلی كوردستانیش ئەو لایەنە كوردیانەی عەبادی بە توندڕەو وەسفی دەكات دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن و، ئەوانەی تەنسیقیان لەگەڵ عەبادی كرد ئەوان خائین و نیشتیمانفرۆشن. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ڕای گەلی كوردستانە و هەڵسەنگاندنی خەڵكی حاقید هیچ بەهایەكی نییە.

 

هەر لەراگەیەندراوەكەدا هێما بۆئەوەشكراوە، "هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن خەونی ناحەزان و ڕژێمەكانی پێشووی لەگۆڕ نا ئەوەهایش بە قارەمانێتیی خۆی پیلانە نەگریسەی عەبادی لەگۆڕ نا و خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا.."
 
تەئكیدیش لەوەكراوەتەوە، "دەبێ هەموولایەكیش ئەوە باش بزانن ئێستا دۆخێكی تر لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و دەموچاوی حاقد و خۆپەرست و یاساشكێن نابێ ڕۆڵیان هەبێ. قۆناغی ئێستا قۆناغی بەرپرسیارێتی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و چەسپاندنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونە لە عێراقدا.