وه‌زیری‌ دارایی عیراق له‌باره‌ی‌ موچه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

292 جار خوێندراوەتەوە کات07:42 بەروار26-03-2019
وه‌زیری‌ دارایی عیراق له‌باره‌ی‌ موچه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات
راچڵه‌كین

وه‌زیری‌ دارایی عیراق، رونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌سه‌ر به‌شه‌ ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ و ده‌ڵێت، ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھیچ كێشەیەكی لەسەر نییە.

فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی‌ نزیك له‌ پارتی رایگه‌یاندووه‌، ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھیچ كێشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر گفتوگۆیەكی لەسەر بكرێت؛ ئەوا شتێكی جیاوازە و ئەو مانایە ناگەیەنێت، كە بودجە نەنێردرێت.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئاداری 2019 د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید رایگەیاند: "مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی 2019 پەسەندکراوە و دەنگۆی بڕینی راست نییە. هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان ناکرێت".

دوێنی دوای كۆبونەوەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران چەند ئەندامێكی لیژنەكە باسیان لەئەگەری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرد بەهۆی رادەستنەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە بەغدا. 

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی سۆمۆ بکات، ئەوا بودجەی هەرێمی کوردستان 10 ترلیۆن و 844 ملیار دینار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەولێر 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەست نەکات، ئەوا بەغدا مانگانە 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت