فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌ بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم و به‌رپرسانی‌ پارتیش هاوڵاتیان دڵنیاده‌كه‌نه‌وه‌

554 جار خوێندراوەتەوە کات10:42 بەروار26-03-2019
فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌ بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم و به‌رپرسانی‌ پارتیش هاوڵاتیان دڵنیاده‌كه‌نه‌وه‌
راچڵەکین، هانا چۆمانی 

دوای‌ تێپه‌ڕبوونی كه‌متر له‌ مانگێك به‌سه‌ر لابردنی پاشكه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌شێك له‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌ یاسایی بودجه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ پاشكه‌وت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ وه‌زیری‌ دارایی حكومه‌تی ناوه‌ندی دڵنیایی ده‌دات و ده‌ڵێت "ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھیچ كێشەیەكی لەسەر نییە".

له‌ یاسای بودجه‌ی عیراقدا بۆ ساڵی 2019، دوای‌ ئه‌نجامدانی گفتوگۆیه‌كی زۆر، پشكی هه‌رێمی كوردستان جێگیركرا و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ولێر پابه‌ندكرا به‌ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ كۆمپانیای سۆمۆی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆران و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ده‌ڵێت "دوێنێ دووشەمە کە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوو، لەسەر پشکی هەرێم و هەوڵدان بۆ بڕینی ئەو بڕه‌ پاره‌یه‌ی ئێستا دێت بووە بە کێشە و گفتوگۆی تووند، چونکە داهاتی نەوت و  رەسمی گومرگی ناگەرێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ گۆڕان ده‌شڵێت "ئێمە بە به‌رپرسانی بەغدامان وتووە ئەگه‌ر هەرێم نەوته‌كه‌ی رادەستنەکرد، سزای تر هەیە چیتان پێباشە، بەو مەرجەی دور بێت لە موچەی خەڵک ئێمەش لەگەڵتانین، بۆیە با حکومەتی ئیتیحادی لەگەڵ هەرێمدا بگاتە نەتیجە".

"ئه‌و ده‌قه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ئێستادا بە شێوازێک داڕێژراوە کە دەست بۆ موچەی فەرمانبەران نابرێت، بەڵام با راشکاو بین و راگشتی خەلکی کوردستان لەو راستیە ئاگاداربکەمەوە کە ئەگەر هەرێم و بەزویی هەنگاو نەنێت بە ئاراستەیەک کە مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆدا بکات، دەبێت بزانێت لە ئایندەی نزیکدا ئەو کێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام نابێت" هۆشیار عه‌بدوڵا ده‌شڵێت "دەبێ حکومەتی هەرێم بزانێت وەک ئەوەی ئێستا کە بڵێ نەوتی خۆم دەفرۆشم ،داهاتی ناوخۆ ناگەرێنمەوە خەزێنەی ئیتیحادی و دەبێ پارەشم لە بەغداوە بۆ بێت ، بەردەوام نابێت و کێشە بۆ موجە دەروستدەبێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سه‌ره‌تایی ئه‌م مانگه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی كوردستان و جێگره‌كه‌ی، به‌ ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ وه‌زیرانی‌ كابینه‌ی حكومه‌ت، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا لابردنی پاشكه‌وتی موچه‌یان راگه‌یاند.

هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی مانگی 12ی‌ ساڵی رابروودیان به‌بێ پاشكه‌وت وه‌رگرت، به‌ڵام خۆشییه‌كان زۆریان نه‌خایاند و جارێكی هۆشدارییه‌كان له‌ به‌غداوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشكه‌وت درانه‌وه‌ به‌ گوێی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆراندا.

مه‌ترسی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم زیاد بووه‌

هه‌ر سه‌باره‌ به‌ پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عیراق، ئەحمەدی حاجی رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، به‌ (راچڵەکین)ی‌ وت "ئەو برگەیەی زیادکراوە زۆر مەترسیدارە و بەوەش دەستی کۆمپانیای سۆمۆ کراوە بووە، بەجۆرێک نوسیویانە کە کۆمپانیای سۆمۆ نرخی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنیت، واتا دەتوانێت لەبەرامبەر نەوتەکەی هەرێمدا پارەکە بگیڕیتەوە  بەوەش کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە"،.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت "دەبێت حکومەتی هەرێم بەزووی هەنگاو بنێت و کێشەکە چارەسەر بکات ئەگەرنا، ئەگەرەکانی کێشە و ئاستنەگه‌كان لەبەردەم موچە و بودجەدا دروستدەبنەوە".

ناردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت 

به‌ڵام فوئاد حسێن، وه‌زیری‌ دارایی حكومه‌تی عیراق كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه بۆ كاروباری‌ دارایی و له‌سه‌ر پشكی پارتی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌ دڵنیایی ده‌داته‌ هاوڵاتیان و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت "ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، ھیچ كێشەیەكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر گفتوگۆیەكی لەسەر بكرێت؛ ئەوا شتێكی جیاوازە و ئەو مانایە ناگەیەنێت، كە بودجە نەنێردرێت".

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەكیتی هۆشداریی ده‌دات له‌ بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت، ئەو شەڕی موجە و بودجەیە تەنیا به‌ نوێنەرانی کورد ناکرێت، چونکە ‎ماوەی 3 مانگە حکومەتی عراق موچەو بوجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بێ ئەوەی لە بەرانبەردا یەک تەنەکە نەوت ڕادەستی سۆمۆ کرابێت.

‎بلیسە جەبار فەرمان ئەندامی فاکسیۆنی یەكیتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیبووی، ڕۆژانە لەناو پەرلەمان و لە لیژنەی پەیوەندیدار رووبەرووی رەخنەی توندی نوێنەرانی پارێزگاکانی تردەبینەوەو بیر لە کاردانەوەو بەرپەچدانەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم دەکرێتەوە کە دووبارە راگرتنی موچەش لەخۆدەگرێت. ‎لە بوجەی 2019 دا هاتووە کە هەرێم دەبێت رۆژانە 250.000 بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات و هەرێم نیازی پابەندبوونی نیە.

‎ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی دەشلیت: ڕاستە کە موچەی فەرمانبەران بە برگەیەکی جیاواز لە ناو بوجەدا جێکراوەتەوە, بەڵام هەموو دەبێت ئەو راستیە بزانن کەئەوەش قابیلی ئاڵوگوڕەو بەهانە هەیە کە رابگیرێت، ‎ئەگەر هاتو واژوی بۆ کۆکرایەوە، دەتوانرێت دووبارە بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان و ئاڵۆگۆر بەسەر ئەو برگەیەدا بهێنن و رایبگرن.

له‌ یاسای بوددجەی ساڵی ٢٠١٩، پشکی هەرێمی کوردستان به‌ له‌سەدا ١٢ دیارییكراوه‌ و هەروەها له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ش بڕی ٦٨ ملیار دینار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دانراوە.

پێویسته‌ هه‌موان فشار بخه‌نه‌ سه‌ر پارتی

رابون مه‌عروف، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، هه‌مان مه‌ترسیه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و گۆڕان و یه‌كێتی دووپاتده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت "بەهەوڵ و کۆششی بەشێك لە نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی ئیتیحادی، گرەنتی بەردەوامی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگەمان کردوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، پارتی یاسای بودجە پێشێل بکات و بەردەوام بێت و بەکەیفی خۆی بێت".

سەرۆکی فاکسیۆنی نەوەی نوێ لەبارەی مەترسییەکانی سەر موچە و بودجە دەڵێت "پێویستە ھەموان فشار بخەینە سەر پارتی تا ئیلتیزام بە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ی ئیتیحادی بکات و چیتر دۆسێی نەوت و گاز لە تاریکیدا بەڕێوە نەبات و کێشە بۆ موچە و بودجە دروستبێت".

ئەو لیدوانانەی پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانی کورد لە بەغدا، دوای کۆبوونەوەی دوێنی لێژنەی دارای پەرلەمانی عێراق هات، کە ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی سوننە وشیعە لە بەغدا بە نوێنەرانی کوردیان وتووە، ئەگەر هەرێم نەوت رادەستنەکات جارێکی تر کێشە بۆ پشكی هه‌رێم دورستده‌بێت بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات.

په‌رله‌مانی‌ عیراق دڵنیایی ده‌دات

هاوكات بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئاداری 2019 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانید رایگەیاند: "مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی 2019 پەسەندکراوە و دەنگۆی بڕینی راست نییە. هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان ناکرێت".

هۆشدارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، سالار مه‌حمود، راوێژکارێکی سەرۆککۆماری‌ عیراقیش هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت "راستە هەرێم و خەڵکەکەی شایستەیە بودجە و مووچە ومافە زەوتکراوەکانی تری بدرێتێ، بەڵام نەناردنی ۲٥٠ هەزار بەرمیلی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بیانوەکەی چیەو لەپێناو چییە؟ بەکوردی و بەکورتی نابێ بەرژەوەندی لاوەکی و شاراوە بخرێتە پێش بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئاشکراوە.

ئه‌و راوێژكاره‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار ئەوەش بۆ راچڵەکین، دەخاتەرووو، كه‌ لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت دەبێ تەحەموولی ئەم مەسئولیەتە بکەن. بەشداری لە حکومەتی هەرێم تەنیا پۆست نییە، بڕیارو هەڵوێستی هاوبەشە، لەئەگەری گەڕانەوە بۆ پاشەکەوتی مووچە کێ بەرپرس دەبێ، کێ بڕیار لە پابەندبوون بە یاسای بودجەو پابەند نەبوونەوە دەدا لەناو حکومەتی هەرێم'.

بەپێی زانیاریەکانی راچڵەکین، له‌ئیستادا رۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ دەفرۆشێت و هیچ بڕه‌ نه‌وتێك رادەستی بەغدا ناکات.

به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان،حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو مەرجی هەیە بۆ ئەوەی رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، ئەوانیش دانه‌وه‌ی خەرجی و قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکانه‌ له‌لایه‌ن له‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ دوباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوكه‌ بۆ ژێر دەسه‌ڵاتی خۆی.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، بەپێی زانیارییەکانی راچڵەکین بڕیاره‌ هەفتەی داهاتوو تایبەت بەو پرسە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومه‌تی ناوه‌ندی کۆببنه‌وە و تەوەری سەرکیش پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.