نوسه‌رێكی نزیك له‌ د. به‌رهه‌م: بەدیلی ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی ھەر ڕێکەوتنە

306 جار خوێندراوەتەوە کات11:02 بەروار26-03-2019
نوسه‌رێكی نزیك له‌ د. به‌رهه‌م: بەدیلی ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی ھەر ڕێکەوتنە
راچڵه‌كین

سلێمانی عه‌بدوڵا یونس، نوسه‌ری‌ نزیك له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ پارتی باش نیە ڕیسک بە پرنسیپی حکومەتی بەھێزەوە بکات و دەسەڵاتەکانی مەسرور بارزانی لەسنوری دو پارێزگادا کورتبکاتەوە و ده‌شڵێت، یەکێتی کە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ پارتی ھەیە، ئەمجارە لەھەرکاتێک زیاتر پێویستی بەچاوپۆشی ھەیە لە پشک و بەرکەوتەکانی.

سلێمان عەبدوڵا یونس نوسیویەتی "بەدیلی ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی ھەر ڕێکەوتنە، بۆیە ئەوەی سبەی لەکۆبونەوەی دوکان چاوەڕێ دەکرێت ئەوەیە ئەو دو حزبە گیانی بەرپرسیارێتی زاڵ بکەن و مل بدەن بۆ دیفاکتۆی سازان و ئۆفەری ھاوبەشێتی حوکمڕانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ بکەن".

ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌شڵێت "پارتی باش نیە ڕیسک بە پرنسیپی حکومەتی بەھێزەوە بکات و دەسەڵاتەکانی مەسرور بارزانی لەسنوری دو پارێزگادا کورتبکاتەوە، یەکێتیش نابێت ڕەچاوی خواستی پارتی نەکات و ئۆفەری گونجاوی بۆ ڕێکەوتن لەسەر بنیاتنانی حوکمڕانیەکی بەھێز پێ نەبێ".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، یەکێتی کە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ پارتی ھەیە، ئەمجارە لەھەرکاتێک زیاتر پێویستی بەچاوپۆشی ھەیە لە پشک و بەرکەوتەکانی، جارێک بۆئەوەی ڕێگە خۆشبکات بۆ سەردەمی مەسرور بارزانی، جارێکی تریش بۆئەوەی بۆ گۆڕان قەرەبوی ڕێکەوتنی دەباشان بکاتەوە و بیسەلمێنێ بەپشک و بەرکەوتەکانی نیگەران نیە. لەراستیدا بۆ یەکێتی پشک و بەرکەوتە سەنگی مەحەک نیە، چونکە بەرکەوتەکەی ھەرچەندێک بێت لەڕوی واقعیەوە ھێزی یەکەمی موکەڕەڕی حوکمڕانیە

ئه‌م وتانه‌ی ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌ كاتێكدایه‌، بڕیاره‌ سبه‌ی چوارشه‌ممه‌، شاندی دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەهاوینە هەواری دووكان كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم و پشكەكانی یەكێتی.