دەزگای ناسا راپۆرتێک لەسەر قەڵای هەولێر بڵاو دەکاتەوە

967 جار خوێندراوەتەوە کات01:53 بەروار03-04-2019
دەزگای ناسا راپۆرتێک لەسەر قەڵای هەولێر بڵاو دەکاتەوە
ڕاچڵەکین-  ماردین عوزێری

دەزگای ناسای ئەمریکی بۆ فەلەکناسی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان راپۆرتێکیان لەسەر مێژووی قەڵای هەولێر بڵاوکردەوە لەگەڵ وێنەیەکی قەڵاکە کە بە یەکێک لە سەتەلایتەکانیان گیراوە 

دەقی راپۆرتەکە:


"کاتێک دێرینترین شارستانییەت لە میسۆپۆتامیا (عیراقی ئێستا) پەرەیسەند... کاتێک چەنگز خان لە میانەی دروستکردنی بەرفراوانترین شانشینی مێژوودابوو... کاتێک عوسمانییەکان بۆ نزیکەی ٦٠٠ ساڵ باڵیانکێشابوو بەسەر ناوچەیەکی زۆری ئاسیا و ئەوروپادا... هەموویان لایەنێکی هاوبەشیان هەبوو. هەموویان لە پارچەیەک خاک مانەوە کە دەکاتە باکوری عیراقی ئەمڕۆ.

قەڵای هەولێر پێدەچێت کۆنترین جێ ژیانی مرۆڤایەتی بێت کە تا ئەمڕۆ ژیان تیایدا بەردەوام بێت، کە ماوەی بەلایەنی کەمەوە ٦٠٠٠ ساڵە. هەر لەو خاکەوە کە لەسەری بنیات نراوە بەڵگەی مێژووە دێرینەکەی دەبینین. قەڵاکە لەسەر تەپۆڵکەیەک دروستکراوە کە روویەکی شێوە هێلکەیی هەیە و نزیکەی ٣٢ مەتر بەرزە و لە خۆڵ و پارچە بەرد و داروپەردوی خانووی شارستانییەتی کۆنتر دروستبووە. قەڵای هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤دا خرایە لیستی (وۆرلد هێریتیج)ەوە (کە بۆ پاراستنی شوێنەوارە گرنگەکانی جیهانە.)

ئەم وێنەیەی قەڵای هەولێر و دەوروبەری لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا لە لایەن کامێرای (ئۆپەریشناڵ لاند ئیمیجەر) لەسەر سەتەلایتی (لاندسات ٨) گیراوە. لە سەرەوە، قەڵای هەولێر لەوە دەچێت کە لە ناوەڕاستی ویلێکدا بێت. پێدەچێت ئەم شێوەیە بەرێکەوت نەبێت چونکە بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ لەوێ ژیاوە لە سەردەمی (عوبەید)دا کە لەوکاتەدا بوو مرۆڤایەتی ویڵ (چەرخ)ی داهێنا. قەڵاکە بە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەور دراوە. 

ئەمڕۆ قەڵاکە دیواری بەرزی سەددەی ١٩ لە دەورێتی کە کاتی خۆی شێوەیەکی زەبەلاح و بەهێزی پێ دەبەخشی. لە ناوەوە کۆڵانی تەسک و ئاڵۆز هەیە کە لە دەرگا سەرەکییەکەوە دەستپێدەکەن و جێگە گرنگەکان و شوێنە گشتییەکان پێکەوە دەبەستنەوە. ئەم شێوازی کۆڵانە هی سەردەمی عوسمانییەکانە.

ئەمڕۆ، تەنها یەک خانەوادە لە ناو قەڵای هەولێردا دەژین، ئەمەش لەلایەن سەرکردە کوردەکانەوە رێکخراوە بۆ هێشتنەوەی ئەو نازناوەی کە قەڵای هەولێر "بەردەوام ژیانی تێدایە". لە ناو قەڵادا مزگەوتێک و چەند مۆزەخانەیەک کراوەن. چەندین رێکخراو کاری تێدا دەکەن بۆ بوژاندنەوەی وهێنانە ناوەوەی چالاکی نوێ."