میرانی: عەیبەیە بۆ ئەوانەی كە پێیان خۆش بێت د.نەجمەدین یا هەر كوردێكی تری عیراق بێت.. بەوشێوەیە دەستگیربكرێت

1286 جار خوێندراوەتەوە کات09:46 بەروار23-05-2019
میرانی: عەیبەیە بۆ ئەوانەی كە پێیان خۆش بێت د.نەجمەدین یا هەر كوردێكی تری عیراق بێت.. بەوشێوەیە دەستگیربكرێت

راچڵەكین-

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، عەیبەیە بۆ ئەوانەی كە پێیان خۆش بێت "د.نەجمەدین " یا هەر كوردێكی تری عیراق بەوشێوەیە بگیرێت، چونكە ئەگەر هەوڵی دەستگیركردنی "نەجمەدین كەریم" بدرێت ئەوە هەوڵێكی سیاسی و شۆڤێنیە.

فازڵ میرانی، لەوتووێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەدەنگۆی دەستگیركردنی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری لەكار دوورخراوەی كەركوك ووتی:" ئەگەر د.نەجمەدین گیرابێت هەرچەندە خۆی دوێنێ لێدوانی دا كە دەستگیرنەكراوە، وە سایتەكان بڵاوییان كردەوە ئێمە با وای حساب بكەین بەقسەی ئەوانە گیرابێت، بەڵام ئێمە هیچ هۆكارێك نابینین كە "د.نەجمەدین كەریم" بگیرێت، بەڵام ئەوەی كە هەندێك لەسایتەكان دەڵێن د.نەجمەدین كەریم لەسەر گەندەڵیە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت ئەوا بە بۆچونی من دەبێت" هەموو حكومەتی عیراقی" لەسەر گەندەڵی بگیرێت، دوای ئەوە بۆچی تا ئێستا یەخەی كوردییان گرتووە بەتەنها نەمانبیستووە كە عەرەبێك لەسەر گەندەڵی بگیرێت."

وتیشی:" د.نەجمەدین  بەتەنها نیە، بەڵكو نەك هەر ئەو هەر كوردێكی كوردستانی عیراق بەناهەق بگیرێت ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لەپشتی دەبین، هەم"سەرۆك بارزانی" وە هەم "كاك نێچیرڤان بارزانی" پاش بڵاوبونەوەی دەنگۆكە لەسەر خەت-ن لەسەر بابەتی د.نەجمەدین، چونكە ئەو ئەگەر پارێزگاری كەركوك بوبێت پارێزگار بووە لەسەر پشكی برادەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی بووە، وە بەڕاستی ئەوەندەی نەجمەدین بۆ یەكێتی و كەركوكی كرد ڕەنگە ئەگەر ئێمە كورد نەبوینایە بۆ پارتی نەدەكرد، بەڵام بەكورد بونی "نەجمەدین" و هەڵوێستە كوردایەتیەكانی نەجمەدین ئێمە بە واجبی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێمان بكرێت لەڕێگا یاساییەكان و كەناڵە دیبلۆماسیەكانی خۆمانەوە بەرگریمان لە "كاك د.نەجمەدین "كردووە و دەشیكەین."

فازڵ میرانی ئەوەشی وت:" جگە لە هەوڵەكانی پارتی لەڕێگای حكومەتەوە كە ڕاستەوخۆ سەرۆكی حكومەت"لەسەر خەت بووە" ، ئەگەر لەڕووی سیاسیشەوە پێویست بكات ئەوا دوبارە خودی "جەنابی سەرۆك بارزانی" دێتەوە سەرخەت ،چونكە پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی و "جامیعەی عەرەبی" و وڵاتان هەیە، ئێمە وادەكەین كە فشارێك لەسەر عیراق دروست بكرێت كە ئەم "پیلانگێڕییە" چیتر دژی كوردەكان نەكرێت."

سەبارەت بە بۆچونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، فازڵ میرانی وتی" تا ئێستا نە بەفەرمی نە بەنافەرمی هیچم لێ نەبیستوون، بەڵام ڕەنگە هەندێكیان پێیان خۆش بوبێت هەواڵی دەستگیركردنی، وە هەندێكیشیان وەك ئێمە پێیان ناخۆش بوبێت، ئەوانەی مەبدەئین پێیان ناخۆشە نەك هەر بۆ د.نەجمەدین كە 'ئەگەر دەستگیركرابێت" بۆ هەر كوردێكی تر پێیان ناخۆشە، وە ئەوانەشی نا مەبدەئین و سیستیان هەیە بەرامبەر دوژمن و ناحەزانی كورد نەك هەر بۆ د.نەجمەدین بەڵكو پێیان خۆشە بەیانی هەموومان بگیرێین، كە ئەوەش خەیاڵێكە بەڕای من سەری نەگرتووە و سەریش ناگرێت."