خامنەیی هێرشی توند دەكاتە سەر رۆحانی و زەریف

204 جار خوێندراوەتەوە کات11:04 بەروار23-05-2019
خامنەیی هێرشی توند دەكاتە سەر رۆحانی و زەریف
راچڵەكین-

لەكاتێكدا بارگرژییەكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا ڕوو لەهەڵكشان دەكەن، عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای ئەو وڵاتە هێرشی توندی كردە سەر هەریەك لە حەسەن رۆحانی سەرۆككۆمارو و محەمەد جەواز زەریف-ی وەزیری دەرەوەی ئێران و تۆمەتباری كردن بەوەی " بەو شێوەیەی ئەو ویستوویەتی مامەڵەیان لەگەڵ جێبەجێكردنی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی 2015 دا نەكردووە."

خامنەئی، لە پێگەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت ئاماژەی بەوەكردووە:" تا ڕادایەك و لەزۆربەی كاتەكاندا متمانەم بە شێوازی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە نەبووە، سەرۆك و وەزیری دەرەوەم لەوەش ئاگادار كردووەتەوە."

ئەوە یەكەمجارە خامنەئی، لۆمەی حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف بكات لەبارەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەو ئەو مەترسیانەی هەیەتی لەبارەیەوە.

لەنێو سیستمی سیاسی ئێراندا، رۆحانی و زەریف بەئەندازیارو پشتیوانكاری رێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی 5+1 ئەژمار دەكرێن كە پێكهاتوون لە ( ئەمریكا، بریتانیا، رووسیا، ئەڵمانیا، چین و فەڕەنسا).

ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننامەكە راگەیاند و جارێكی تر سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، هەر ئەوەش وایكرد بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران جارێكی تر سەرهەڵبدەنەوە، بەجۆرێك لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران هەندێك لەپابەندیەكانی خۆی لەرێكەوتننەكە هەڵپەسارد.