ئەمریكا تاوتوێی داواكارییەك دەكات بە ڕەوانەكردنی 5 هەزار سەرباز بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

212 جار خوێندراوەتەوە کات11:24 بەروار23-05-2019
ئەمریكا تاوتوێی داواكارییەك دەكات بە ڕەوانەكردنی 5 هەزار سەرباز بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
راچڵەكین-

دوو بەرپرسی ئەمریكی رایانگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، تاوتوێی داواكارییەك دەكات بە ڕەوانەكردنی 5 هەزار سەربازی تر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەش لەكاتێكدا دێت لەئێستادا بارگژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕوویان لەهەڵكشان كردووە. 

بەوتەی ئەو دوو بەرپرسە ئەمریكییە، پێشنیازەكە لەلایەن فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كراوە، هۆكارەكەشی زیادبوونی هەڕەشەكانی ئێرانە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

پێشتر، پارتیك شانهان- وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت رایگەیاندبوو، ئەو جموجوڵە سەربازیانەی لە كەنداوی عەرەبیدا دەستیانپێكردووە بۆ هۆشداریدانە بە ئێران نەك هەڵایسانی جەنگ لەگەڵیدا.

هاوكات كەناڵی سی ئێن ئێن  بڵاویكردووەتەوە، ئەو هێزەی پێشنیازكراوە رەوانەی ناوچەكە بكرێت، جگە لە سەرباز، مووشەكی بالستی، سیستمەكانی بەرگریی، مووشەكی تۆماهۆك، كەشتی و ژێرئاوییش لە خۆدەگرێت. جگە لەوەی توانای سەربازی لەسەر زەوی بەھێزتر دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجە دوورەكان بپێكن. بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی ناردنی ئەو جۆرە هێز و چەك و كەرەستە سەربازییانە نەدراوە.