رۆژنامەیەك: پێشبینی دەكرێت سبەی تێرێزا مەی دەستلەكار بكێشێتەوە

127 جار خوێندراوەتەوە کات12:56 بەروار23-05-2019
رۆژنامەیەك: پێشبینی دەكرێت سبەی تێرێزا مەی دەستلەكار بكێشێتەوە
راچڵەكین-

رۆژنامەیەكی بریتانی بڵاویكردووەتەوە، سبەی هەیینی 24ی ئایاری 2019، تێرێزا مەی- سەرۆكوەزیرانی بریتانیا دەستلەكار دەكێشێتەوە.

رۆژنامەی "زە تایمز" لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەكردووە، مەی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی جێگرەوەیەكی بۆ هەڵدەبژێردرێت، لەپرۆسەیەكدا كە دوو قۆناغ لەخۆ دەگرێت و تیایدا دوو كاندید ركابەری یەكی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی 125 هەزار ئەندامی پارتی پارێزگاران.

زە تایمز دەڵێت ، دەستلەكاركێشانەوەكەی "مەی" پەیوەندی بەپرسی برێگزیت و گۆشەگیر كردنییەوە هەیە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەك دوایین دەرفەت بۆ رزگاربون لە قەیرانی برێگزیت، تێرێزا مەی پێشنیاری پشتگیریكردنی دوبارەكردنەوەی ریفراندۆمی كرد بەو مەرجەی پەرلەمانتارانی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن و لایەنەكانی تریش پشتیوانی پلانە نوێیەكەی بكەن.

بەڵام پێشنیارەكەی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە رەتكرایەوە و رایانگەیاند، ناوەڕۆكی پلانە نوێیەكەی هەمان ناوەڕۆكی پلانەكەی پێشوە كە سێ جار لە پەرلەمانەوە رەتكراوەتەوە.