گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنان لە د. نەجمەدین كەریم قەدەغە دەكرێت

435 جار خوێندراوەتەوە کات01:45 بەروار23-05-2019
گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنان لە د. نەجمەدین كەریم قەدەغە دەكرێت
راچڵەكین-

لایەنە پەیوەندیدارەكانی لوبنان، دوای ئازادكردنی د. نەجمەدین كەرێم- پارێزگاری لەكاردوورخراوەی كەركوك، رێگای پێنادەن "بەیروت"ی پایتەخت جێبهێڵێت و دەستیان بەسەر پاسپۆرتە ئەمریكییەكەیدا گرتووە.

سەرچاوە دادییەكانی لوبنان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-یان راگەیاندووە، دوای دەستگیركردنی د. نەجمەدین كەرێم كە تۆمەتبارە بە " ئیختیلاس لەو كاتەی پارێزگاری كەركوك بووە" لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، رادەستی داواكاری گشتی كراوەو لەوێ لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدراوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای لێكۆڵینەوە، د. نەجمەدین كەریم ئازاد كراوە بەڵام گەشتكردنی لێ قەدەغەكراوەو دەستبەسەرپاسپۆرتە ئەمریكییەكەیدا گیراوە كەلەڕێیەوە سەردانی لوبنانی كردبوو.

بەووتەی ئەو سەرچاوەیە، د. نەجمەدین كەریم لە لوبنان دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی دەسەڵاتدارانی عیراق دۆسێكەی ڕەوانەی لوبنان دەكەن تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و رێوشوێنی پێویست لەبارەیەوە بگیرێتەبەر.

هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی عیراق بە شەرقولئەوسەت-ی راگەیاندووە:" ئەگەری هەیە لەچەند رۆژی داهاتوودا د. نەجمەدین كەریم رادەستی بەغدا بكرێتەوە."

ئێوارەی 21ی ئەم مانگە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاویانكردەوە، پۆلیسی ئینتەرپۆڵ لە فڕۆكەخانەی بەیروت لە لوبنان، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵا یاساییانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە تۆمار كراوە، د.نەجمەدین كەریم-ی دەستگیر كردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی د. نەجمەدین كەریم ، نووسینگە رۆژنامەوانییەكەی لەڕوونكردنەوەیەكدا دەستگیركردنی ناوبراوی ڕەتكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد:" دكتۆر نەجمەدین كەریم، بۆ كاری ئاسایی و دیبلۆماتی خۆی گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە و هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە كوردستان."

دوێنێ 22ی ئایار، د. نەجمەدین كەریم، بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاند،  ئازادە و بەگەشت لەبەیروتی پایتەختی لوبنانە.