وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئاشكراكرا

305 جار خوێندراوەتەوە کات06:22 بەروار23-05-2019
وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئاشكراكرا
 
راچڵەكین 
 
 
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایكرد، ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و په‌رله‌مان ده‌نگ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات.
 
ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی‌ دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندووە  "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بووه‌، ئاماده‌كاریی سیاسی و یاسایی و رێكاره یاسایییه‌كان له‌ كاتی خۆیاندا جێبه‌جێ ده‌كرێن".
 
خۆشناو ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی بانگهێشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانین كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی په‌رله‌مان دیاری ده‌كات، بۆیه‌ به دڵنیایییه‌وه‌ له ‌ناوه‌ڕاستی حه‌فته‌ی داهاتوودا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆ بوونه‌وه‌ بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كرێت و، بانگهێشتی ئه‌ندامان ده‌كرێت و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت".
 
له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌ی پرۆسه‌كه‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەكرد،"هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی و سیاسی نابینین و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ته‌واو بووه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌پێی یاسای به‌ركار به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌نگ ده‌درێت به‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی مه‌رجه‌كانیان هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ئاماده‌كارییه‌كاندا ڕێكاره‌كان ده‌گیرێنه‌ به‌ر و پرۆسه‌كه‌ له ‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه ‌ده‌چێت".
 
روونیشیكرده‌وه‌ ‌ "به‌پێی ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی كراون‌ و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی هه‌ن، جارێكی تریش ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی، كاندیدی ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ رێككه‌وتنمان كردووه‌، پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و پێكهاته‌كانی توركمان و مه‌سیحی و ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و تێگه‌یشتنمان هه‌یه‌ كاندیدی هه‌موومانه‌ و زۆریش له‌و لایه‌نانه‌ خۆیان رایانگه‌یاندووه‌ به‌ڵێ كاندیدی ئه‌وانه‌".
 
ئومێد خۆشناو ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بێت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زیاتر له‌ 90 ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ست دێنێت".
 
په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون و سوێندنخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش، رایگه‌یاند‌: "له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و بۆ رۆژی ده‌ستبه‌كاربوون و سوێند خواردنیش كاته‌كه‌ دیاری نه‌كراوه،‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و رووداوه‌ وه‌كو خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و بۆ ئه‌و رۆژه‌ نوێنه‌ری وڵاتان و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی‌ عیراق و كوردستان بانگهێشت ده‌كرێن".