وەفدێكی پەرلەمانی عێراق لەكێشەكانی خانەقین دەكۆڵێتەوە

106 جار خوێندراوەتەوە کات06:44 بەروار23-05-2019
وەفدێكی پەرلەمانی عێراق  لەكێشەكانی خانەقین دەكۆڵێتەوە
 
راچڵەكین 
 
وه‌فدێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌مڕۆ سه‌ردانی خانه‌قینی كردو له‌نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوونیان بۆ رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌كه‌ كرد.
 
 
شێركۆ میروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، سه‌رله‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، وه‌فدێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌رووداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی شاره‌كه‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌ردانی ناوچه‌كه‌مان كرد.
 
 
وتیشی، سه‌ره‌تای سه‌ردانه‌كه‌، له‌دیوانی قائمقامیه‌تی قه‌زای خانه‌قین، له‌گه‌ڵ قائمقامی شاره‌كه‌و به‌رپرسانی ئه‌منی كۆبوینه‌وه‌، به‌وردی باس له‌ته‌واوی رووداوه‌كان و رێوشوێنه‌ ئه‌منیه‌كان كرا، كه‌ چۆن بتوانرێت هه‌ماهه‌نگی و هه‌نگاوی باشتر بنرێت بۆ پاراستنی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌و پاراستنی سه‌روماڵی خه‌ڵكی خانه‌قینی خۆشه‌ویست و رێگه‌گرتن له‌هه‌ر رووداوێكی تری له‌و شێوه‌یه‌.
 
 
ئاماژەی بەوەشكرد، به‌شێكی تری سه‌ردانه‌كه‌مان كۆبونه‌وه‌ یه‌كی فراوانبوو، له‌گه‌ڵ چالاكوانان وكه‌سایه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و دیاره‌كان له‌ماڵی رۆشنبیری سه‌لام به‌ڕێوه‌چوو، بۆ گوێگرتن له‌داواو داخوازایه‌كانیان له‌پێناو باشتركردنی دۆخه‌كه‌، دوای خستنه‌ڕووی سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاره‌كانیان، یاداشتێك ئاڕاسته‌ی وه‌فده‌كه‌ كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌نرێته‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، تاوه‌كو بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئارامی و ئاسایشی شاری خانه‌قینی خۆشه‌ویست بپارێزرێت.