لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە روونکردنەوەیەک ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکرێت

1307 جار خوێندراوەتەوە کات07:51 بەروار05-12-2019
لەبارەی پاشەکەوتی مووچەوە روونکردنەوەیەک ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکرێت

راچڵەکین-

نوسینگەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچە ناتەواوەکان و پاشەکەوتی مووچەوە روونکردنەوەیەکی ئاراستەی سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە،"لە کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆدا، رۆژنامەنووسێک پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ مووچە قەرزداری مووچە خۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی ڕۆژنامەنووسەکە (سێ مووچەی تەواو بوو")، بەڵام سەرۆكی شاندەكە (زانیارییەكەی بۆ ڕاستكردەوە كە سێ موچە نییە بەڵكو مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و 12 مانگی خانەنشینان قەرزدارە)".

هەروەها ئاماژەش بەوە کراوە، "نە ڕۆژنامەنووسەكە و نە وەزیری دارایی هیچ ئاماژەیەكیان بە مووچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە ڕێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەشكراون".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرباری ئەوەی كە مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لەسەردەمی ئەم كابینەیەدانەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیاریەتی هەموویان لە ئەستۆ دەگرێت".

ئەمڕۆ 5-12-2019، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێم ڕایگەیاند، "حکومەت هەشت مووچەى فەرمانبەران و 12 مووچەى خانەنشینان قەرزارە، ئەوە قەرزێکە حکومەتى هەرێم پابەندە بیداتەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو توانەیەمان نییە بیدەینەوە".