دوو پەرلەمانتاری كوردستان: لەخاڵە سنوورییەكانەوە كۆنتێنەرێك دوگ بە ٣٠ هەزار دۆلار و هێلكە بە ١٠ هەزار دۆلار داخڵكراوە

442 جار خوێندراوەتەوە کات11:59 بەروار08-12-2019
دوو پەرلەمانتاری كوردستان: لەخاڵە سنوورییەكانەوە كۆنتێنەرێك دوگ بە ٣٠ هەزار دۆلار و هێلكە بە ١٠ هەزار دۆلار داخڵكراوە

راچڵەكین-

دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكەن، شەوانە بڕێكی زۆر ( دووگ و هێڵكەی قاچاخ) لە دەروازە سنورییەكانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان بۆ ناوخۆو خوارووی عیراق داخڵ دەكرێن.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی نوسیوویەتی:" سێ مانگە بەوردی لەسەر سەرجەم خاڵە سنوریەكان بەدواداچونمان كردووە، ئەوەی ئێمە بەبەڵگەی تەواو دەستمانكەوتووە، دزی و تاڵانی لە خاڵە سنوریەكان دەسەلمێنێت، تاڵانیەكی بێ وێنەیە، دزی و خیانەت لە هەموومان، لە گیرفانی هەموان،خەڵكێك ئامادەیە بۆ دەستكەوتنی پارە هەمووان تووشی خراپترین نەخۆشی بكات."

دەشڵێت:" قەبارەی گەندەڵی لە خاڵە سنوریەكان نزیكەی ٤٠ ملیۆن دۆلارەو ئەمەم بە بەڵگە سەلماندووە."

 عەی حەمەساڵح ئەوەش رووندەكاتەوە:" كۆنتێنەرێك دوگ بە ٣٠ هەزار دۆلار و هێلكە بە ١٠ هەزارو ٥٠٠ دۆلار و سێوو ترێ بە ٥هەزار ٥٠٠ دۆلار بۆت داخڵدەكرێت. داهاتی ئەم كاڵایانە بە قاچاخ دێت نزیكەی ١٠ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە."
"نزیكەی ٢٠ كۆمپانیا لەسەرجەم خاڵەسنوریەكان پارە لە خەڵك وەردەگرن لە ٧٠٠ دۆلارەوە بۆ ٥ دۆلاری تێدایە، كۆمپانیا هەیە مانگانە ٥ ملیۆن دۆلار بە چەند كاغەزێك دەخاتە گیرفانی."

لەلایەن خۆشییەوە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی نوسیوویەتی:" بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەكانمان بانگێشتی پەرلەمان كردوە دەڵێن ئێستە بەبازگەكان دەڵێن چاوداخەن تاكو قافڵە بارە ھێلكەو دوگە قاچاخەكە تێدەپەڕێ، كەتێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بكەنەوە!"

سۆران دەڵێت:" ھەموو شەوو ڕۆژێك لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە ٤٠ سەیارەی بارھەڵگر ھێلكەو دوگ داخڵ دەكرێ بۆ ناوخۆو خواروی عێراق!"

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" تەنھا لەمانگی ٨ ی ئەمساڵ ١٢١٣ بەرھەڵگری ھێلكەیان داخڵ كردوە كە ١٣ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە!"

"تەنھا لە ١/١٢/٢٠١٩ تاكو ئەمڕۆ ٧/١٢/٢٠١٩ تەنھا ٢٨٣ بارھەڵگر ھێلكەیان داخڵ كردوە."

هاوكات عەلی حەمەساڵح، لە كۆتایی نووسینەكەیدا دەڵێت:" ڕاپۆرتەكەم داوە بە سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان، ئێستا لیژنە دروستكراوەو بەڵێنی ئیجرائات دراوە.هیوادارین ئەنجامی هەبێت، ئەگەرنا چاوپۆشی لێناكرێت و چاوپۆشی لێی خیانەتی گەورەیە."

سۆران عومەر، لە راپۆرتەكەیدا كە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری كردووە دەڵێت:" فەرموون ئەم فەزاحەت و پاشاگەردانیە ڕاگرن و ئەوەی مانگانە بەم كارە نایاساییە وەریانگرتوە لێیان وەرگرنەوەو دەستگیریان بكەن !ئەوەشی كارئاسانی بۆ كردون و رەشوەی وەرگرتوە فەرموون دەستگیری بكەن و بیدەنە دادگا!"

بەگوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین، ئەو نووسراوەی كۆنتێنەرە ( دووگ و قاچاخەكانی) لە خاڵە سنووریەكانەوە پێ هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت ، واژۆی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی لەسەرەو لە 24-11-2019 دەرچووە و ژمارە 8043ی بەسەرەوەیە، بەوشەی تكایە دەستپێدەكات، باس لەوە دەكات رێگە بە كۆمپانیای ئەنیسكۆ بۆ بازرگانی گشتی سنووردار بدەن، دووگە بەستووەكە هاوردە بكات بۆ كارگەی بەرهەمهێنانی سابوون لە شاری بەغدا، بەمەرجێك نابێت لە هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنێت.

لەبەرامبەردا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی ڕەوانەی راچڵەكین كراوە، ئاماژەی بەوەكردووە:" كەسێكی ساختەكار، بە نووسراوێكی ساختە هەوڵی هاوردەكردنی بڕێكی یەكجار زۆر دوگ (دوونگی مەڕ)ی بەستووی داوە، كە زیاتر لە ۱۰ ساڵە هاوردەكردنی بە گوێرەی یاسای كەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە قەدەغەیە."

ئەوەشخراوەتەروو: "نووسراوەكە لەسەر كڵێشەیەكی ساختە و دروستكراو كە جگە لە ساختەیی كڵێشەكە و لەیەكنەچوونی لەگەڵ كڵێشەی وەزارەتمان، دەقی نووسراوەكەش پڕە لە هەڵەی تەكنیكی و ئیداری زەق، هەروەها ئیمزای ساختە بە ناوی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو خراوەتە سەر نووسراوەكە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ كراوە."