وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر ساختەکردنی نووسراوێکیان سکاڵای تۆمارکرد

263 جار خوێندراوەتەوە کات06:02 بەروار08-12-2019
وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر ساختەکردنی نووسراوێکیان سکاڵای تۆمارکرد

راچڵەکین-

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، دەربارەی ساختەکردنی نووسراوی وەزارەتەکەیان داواکاری یاساییان پێشکەشی دادگا کردووە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەوەکانی ئاو، دەربارەی ساختە کردنی نووسراوێکی وەزارەتەکەیان رایگەیاند، "داواکاری یاساییمان پێشکەش بەدادگا کرد، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەری ساختەکردنی نوسراوێک بەناوی وەزارەت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، کە بەمەبەستی هاوردەکردنی دووگی بەستوو نوسراوەکە ساختەکرابوو".

 نووسراوەکە ئاراستەی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کراوەو تییدا هاتووە "بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بۆ جوڵاندنی سکاڵا لە دژی کۆمپانیای ئەنسکۆ بۆ بازرگانی گشتی، کە هەستاوە بە ساختەکردنی نووسراوی وەزارەتەکەمان، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ڕێکاری یاسایی وەرگیرێت".

ئەوەش لە دوای ئەوە هات سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دوێنی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، "کۆمپانیایەک بە نوسراوی ساختەى وەزیری کشتوکاڵ، ویستویەتی ١٠ ھەزار تەن دوگی بەستوی قاچاخ هاوردەی هەرێم بکات".