ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی پۆمپیۆ دەداتەوە

240 جار خوێندراوەتەوە کات02:32 بەروار14-12-2019
ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی پۆمپیۆ دەداتەوە

راچڵەكین-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەركۆنەی ئەمریكای كرد بەهۆی ئەوەی هێرشی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای لە عیراق خستووەتە ئەستۆی تاران.

عەباس موسەوی، ئەمڕۆ شەممە 14-12-2019 لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد: تۆمەتباركردنی تاران بەوەی كە هێرشی كردووەتە سەر ئارامكۆو بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عیراق بوختان و قسەی هەڵبەستراوەو لەداهاتوودا ئەمریكییەكان بۆیان دەردەكەوێت كە هەڵەبوون لەوبارەیەوە."

وتیشی، تاران ئەوەی لا ڕوونە كە ئاسانترین كار بەلای ئەمریكاوە تۆمەتباركردنییەتی بەكارێك كە ئەندامی نەدابێت.

پێشتر، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەچەند هێرشێك كرد كەلەماوەی رابردوودا وەك خۆی دەڵێت لەلایەن " بەكرێگیراوانی ئێران" كراونەتە سەر ژمارەیەك بنكەی سەربازی لەعیراق كە هێزە ئەمنییەكان و بەشێك لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدان.

پۆمپیۆ، دەڵێت:" ئەمریكا دەست لەناو دەست لەگەڵ هاوبەشە عیراقییەكانیدا لەنێویشیاندا هێزە ئەمنییەكان بەردەوام دەبێت كە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە بەدەستهێنانەوەی سەروەری عیراق دژ بەداعش."

دەشڵێت:" وەبیر بەپرسانی ئێرانی دەهێنینەوە كە هێرشێك لەلایەن خۆیان یان بە كرێگیراوانیان بەهەر ناوو ناسنامەیەك بێت زیان بە ئەمریكا یاخود هاوپەیمانەكانمان و بەرژەوەندییەكانمان بگەیەنێت، ئەوە وەڵامی یەكلارەوەمان دەبێت بۆی."