دادگای سلێمانی؛ کارا کردنی سیستمێکی نوێی خزمەتگوزاری راگەیاند

202 جار خوێندراوەتەوە کات05:21 بەروار15-12-2019
دادگای سلێمانی؛ کارا کردنی سیستمێکی نوێی خزمەتگوزاری راگەیاند

راچڵەکین-

دادگای سلێمانی ڕایگەیاند بەمەبەستی کارئاسانی و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەڕایکردنی کارو مامەڵەی ڕۆژانەیان لەو فەرمانگانەی کە پەیوەندیان بە دادگای سلێمانیەوە هەیە سیستمێکی نوێی خزمەتگوزاری کارا دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دادگای سلێمانیدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتی ئایتی دادگای سلێمانی خولێکی ڕاهێنانی کردەوە بۆ فەرمانبەرانی دادگا مەدەنییەکان بەمەبەستی ئاشناکردنیان و ڕاهێنانیان سەبارەت بەو خزمەتگوزارییە نوێیەی کە لەقۆناغی سێیەمی سیستمی ئەلکترۆنی دادگا چالاک دەکرێت، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ کردنی نوسراوە فەرمییەکان لە نێوان دادگای سلێمانی و بەشێک لەو فەرمانگانەی کە ڕۆژانە لەگەڵ دادگای سلێمانی نوسراو ئاڵوگۆڕ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەپێی ئەو خزمەتگوزارییە نوێیە لەسەرەتای ساڵی نوێوە بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی نوسراوی فەرمی لەنێوان دادگای سلێمانی ئەو فەرمانگانەدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت".

ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو خولەی دەستیانپێکردووە چەند ڕۆژێکی دیکەش بەردەوام دەبێت.