وەزارەتی کارەبا: پڕۆژەی گواستنەوەی هێڵی کارەبای خەبات- زەنگەنان پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت

259 جار خوێندراوەتەوە کات06:15 بەروار15-12-2019
وەزارەتی کارەبا: پڕۆژەی گواستنەوەی هێڵی کارەبای خەبات- زەنگەنان پێش وادەی خۆی تەواو دەبێت

راچڵەکین-

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، پڕۆژەی گواستنەوەی هێڵی کارەبای خەبات زەنگەنان پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراوی خۆی کە 120 رۆژ بوو جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دووای ئەوەی لەمەراسیمێکدا لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی هێڵی ( خەبات – زەنگەنان) لەلایەن کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک لە ناحیەی رۆڤیای سەر بەپارێزگای دهۆک دانرا، پرۆژەکە پێش تەواوبوونی وادەی دیاریکراوی خۆی کە 120 رۆژ بوو جێبەجێ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمپانیای هێرۆ توانیویەتی لە 99%ی پرۆژەکە تەواو بکات و بڕیارە پێش سەری ساڵ لەمەراسیمێکدا بەفەرمی کردنەوەی پرۆژەکە رابگەیەنرێت، بەمەش چارەسەری کەمی گواستنەوەی بەشە کارەبای پارێزگای دهۆک دەکرێت".
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، پرۆژەی (خەبات – زەنگەنان) بەدرێژایی 33 کیلۆمەتر هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزە و 104 تاوەر لەخۆ دەگرێت و لەلایەن کۆمپانیای هێرۆوە بەسەرپەرشتی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕی حەوت ملیۆن دۆلار و 425 هەزار دۆلاری تێدەچێت، دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا تەواو بێت، کۆمپانیای ناوبراو توانیویەتی پێش وادەی دیاریکراوی جێبەجێکردنی پرۆژەکە کارەکەی بەسەرکەوتویی ئەنجام بدات.