قوباد تاڵەبانی: شانازی بە حکومەتێکەوە دەکەم کە رۆژنامەنووسی بەندکراوی نەبێت

205 جار خوێندراوەتەوە کات06:43 بەروار15-12-2019
قوباد تاڵەبانی: شانازی بە حکومەتێکەوە دەکەم کە رۆژنامەنووسی بەندکراوی نەبێت

راچڵەکین-

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٣٥ی كاری رۆژنامەگەری کردەوە.

ئە‌مڕۆ یە‌ك شە‌ممە‌ 15-12-2019 قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران بە‌ ئامادە‌ بوونی وە‌زیری رۆشنبیری و لاوان لە‌ ھە‌ولێر لە‌گە‌ڵ نوێنەری ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی وسە‌ندیكای رۆژنامە‌نووسان و سە‌نتە‌ری میترۆ و شارە‌زاییانی بواری رۆژنامە‌گە‌ری كۆبووە‌.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی یاسای رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری کردەوە و داوایکرد لەمەودوا دەبێت هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت لەنێوان دادگاکان و دەزگاکانی راگەیاندن، بۆ ئەوەی چیتر لە کوردستان هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر نەکرێت، چونکە لە یاسای کاری رۆژنامەگەریدا هیچ ئاماژەیەک بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان نەدراوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "باوەڕی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی کاری رۆژنامەگەریی هەیە و شانازیش بە حکومەتێکەوە دەکات کە هیچ رۆژنامەنووسێکی بەندکراوی نەبێت".

جێگری سەرۆك وە‌زیران داواشیکرد، "ئەو رێنماییەی کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئاراستەی دادگاکان کراوە کاراتر بکرێت و چیتر رێگە نەدرێت هیچ رۆژنامەنووسێک لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "چەقی قسەكان لەكۆبوونەكەدا بریتی بووە لەسەر یاسای ژمارە ٣٥ كە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە دەرچووە، كەچی تائێستا ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەكرێت، ئێمەش لێرەدا باكگڕاوندی بابەتەكانمان باسكرد".

دەشڵێت، "پێشتر وەك سەندیكا و ئەنجوومەنی دادوەری جۆرێك لە لێكتێگەیشتنمان هەبووە لەگەڵیان و یاسای ژمارە ٣٥مان بەسەریاندا دابەشكردووە، ئەوانیش گشتاندنیان كردووە بۆ سەرجەم دادگاكان بۆ كاركردن بەیاساكە، ئەمڕۆش جارێكی تر بڕیاردرا كەوا گشتاندنەكە نوێ بكرێتەوە و ڕوونكردنەوەی زیاتریشی لەسەر بدرێت بۆ دادگاكان بەتایبەت لەسەر پرسی ڕاگرتنی (توقیف)ی ڕۆژنامەنووسان".

دواتر ئامادە‌بووان سە‌رنج و تێبینی خۆیان خستە‌ روو سە‌بارە‌ت بە‌ چۆنیە‌تی كاراتر كردنی یاسای كاری رۆژنامە‌گە‌ری و بە‌ربە‌ستە‌كانی كاری رۆژنامە‌نووسان و گرنگی چارە‌سە‌ر كردنییان.