هەڵەبجە؛ مەلیحە دوای 31 ساڵ فرمێسك رشتن.. دواجار بە كوڕە ونبووەكەی شاد بوەوە

209 جار خوێندراوەتەوە کات12:45 بەروار19-12-2019
هەڵەبجە؛ مەلیحە دوای 31 ساڵ فرمێسك رشتن.. دواجار بە كوڕە ونبووەكەی شاد بوەوە

راچڵەكین-

دایكێك كە ٣١ ساڵە بەدوای منداڵە نۆ مانگەكەیدا دەگەڕێت، چەندین جار دەگری تا لەكۆتاییدا پێبكەنێت.

خەلیل ساڵح ئەو منداڵەیە كە تەنیا تەمەنی نۆ مانگ دەبێت لەدایكە مەلیحە محەمەد ون دەبێت. ٣١ ساڵ دوور لە یەكدی، ژیان بەسەردەبەن.

چیرۆكی ٣١ ساڵ حەسرەتی گەیشتن بە كوڕەكەی، دایە مەلیحەی تەواو پیڕ كردووە، ئەو بەدرێژایی ئەو ساڵانە بەشوێن كوڕەكەیدا دەگەڕێت كە لەدوای كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەرەو كرماشان هەڵدێن، لەوێش فڕۆكەكانی رژێمی بەعس تەنگیان پێ هەڵدەچنن، لەكاتی بۆردومانێكدا لە نزیك كرماشان ئەم كوڕەیان لێ ون دەبێت. لێرەوە چیرۆكی ٣١ ساڵ حەسرەتی كوڕو دایك دەست پێ دەكات.

دایە مەلیحە لەگەڵ گێڕانەوەی دوای هەڵاتنیانن لە هەڵەبجە لەكاتی كارەساتی كیمیابارانەكەدا ئاماژە بەوە دەكات بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەیەك كراون لەپاوە، دواتر بەرەو نەخۆشخانەی كرماشان براون، رۆژێك لەكاتی خۆشتندا لە گەرماوێك منداڵە نۆ مانگانەكەی دەداتە دەست كارمەندی گەرماوەكە تاكو ئاگای لێبێت، دوای ١٠ دەقە فڕۆكە جەنگییەكانی رژێمی بەعسی رووخاو كە ئەوكات لە جەنگێكی درێژخایەندابوو لەگەڵ ئێران، لەوێش دەست دەكات بە بۆردومان، كارەبای گەرماوەكە دەپچڕێت و شڵەژان تیایدا دروست دەبێت، لەوكاتەوە خەلیل و مەلیحە، دایك و كوڕ لەیەك دووردەكەونەوە.

بەدرێژای ئەو ٣٠ ساڵە مەلیحە بەدوای كوڕە نۆ مانگانەكەیدا دەگەڕێت، دەچنە چەندین ناوچە و ئۆردوگا لە كرماشان، بەڵام هەر كۆڵنادەن و دەچنە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی لە تاران، بەڵام لەوێش بێ ئومێد دەبن و دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان. لێرەوە ناچار دەبن كە كوڕە نۆ مانگانەكەیان بە مردوو هەژمار بكەن.

دیوێكی تری ئەم چیرۆكە تراجیدیایە كە كۆتاییەكەی زۆرێك لە خێزانەكان و نەتەوەیەكی دڵخۆش كردووە، بەدووری هەزار كیلۆمەتر لە شاری قوم-ە لە ئێران.

بەخێوكەری خەلیل ساڵح ژنێكی خۆڕاگر و سەنگینە، ئەو بەدەم گریانەوە باس لەیەكەم شەوی گەیشتنی دەكات بە خەلیل-ی نۆ مانگ.

مەعسومە باسی لە دۆزینەوەی خەلیل دەكات و دەڵێت خەلیل لەلایەن هاوسەركەمەوە (مەنوچەهر ئیسماعیلی) لە نەخۆشخانە دۆزرایەوە و گوتی: "هاوسەرەكەم سەرپەرشتیاری بریندارانی كیمیاباران بوو لە كەرتی تەندروستیدا كاری دەكرد، دوای ئەوەی خەلیل بێكەس دەمێنێتەوە، هاوسەرەكەم (مەنوچەهر ئیسماعیلی) دوو شەو ئەو منداڵە بێ سەرپەرشتە دەبینێت و بە بەرپرسانی بنكە تەندروستیەكە دەڵێت، ئەو منداڵە بدەنە من تا باوك و دایكی دەدۆزرێتەوە لای ئێمە بمێنێتەوە، بەڵام ئەو (خەلیل) ٣١ ساڵ لای ئێمە مایەوە."

مەعسومە مەهدیپور ٧٠ ساڵ ئەو دایكەی خەلیلی بە نۆ مانگی هەڵگیرتبوویەوە، باسی ٣١ ساڵی خەلیل دەكات كە لای خۆی گلی داوەتەوە و بەخێوی كردووە، مەعسومە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من و دایكی خەلیل یەك هەستمان هەیە بەرامبەری، من زیاتر یادگاریم هەیە لەگەڵ خەلیل-دا تا دایكی، ئەو رۆژەی هێنامانە لای خۆمان، تابەیانی خەوی لێنەدەكەوت، هەر ئەو شەوە درێژە دواجار سەری خستە سەر سنگم و ئینجا خەوت، هەموو یادگاریەكانی خوێندن و منداڵیی ئەو و لەلای منە، كوڕێكی ترم هەبوو لەگەڵ ئەو یاری دەكرد، پێكەوە گەورەبوون، خەلیل هاوسەرگیری كرد، مارەكردنی خێزانی، منداڵ بوونیان، هەموو ئەمانە یادگاری خەلیل-ە لەگەڵ ئێمە كە هەرئەمەشە ئێمەیان لەگەڵ دایكی خەلیل كردە یەك كەسوكار، خەلیل كۆی كردووینەتەوە."

مەعسومە باس لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات و دەڵێت هەموو خەڵكی كوردستانم خۆشدەوێت و دەڵێت ''ئەوكاتەی خەلیل-م دۆزیوەتەوە، شەوانە قورئانم دەخوێند بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، نوێژم بۆ كردوون و لە نزاكانم بێبەشم نەكردوون. چونكە ئەمانزانی چیان بەسەر هاتووە، خۆشمان شەڕمان بەسەرهاتبوو".

ئەم چیرۆكە درێژەی دەبێت تا لە تەمەنی ٢٤ ساڵی خەلیل ئەو راستیەی لێ دەشاردرێتەوە كە ئەو كوڕی خێزانێكی ترە، بەڵام لەكاتی نزیكبوونەوەی وادەی هاوسەرگیری خەلیل، باوكە بەخێوكەرەكەی راستییەكەی لا دەدركێنێت و بەمەش خەلیل بە تەواوی دادەڕوخێت.

خەلیل لەدوای ئەوەی راستییەكەی بۆ دەردەكەوێت، بەردەوام بەدوای شوناسی خۆیدا وێڵ دەبێت، رووبەڕووی سەختی زۆر دەبێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی شوناسی خۆی بدۆزێتەوە. ئەو نموونەیەكی نیشاندانی وێرانكاری جەنگەكان و زوڵمی رژێمی بەعسی رووخاوە.

خەلیل كە ناوبەناو بەزۆر خۆی دەگرت تاكو نەگری، بەدەم هەنسكەوە وتی: ''لە زانستی سایكۆلۆجیادا یەكێك لە گرنگترین پرسیارەكان، پرسیار لەبارەی شوناسە. ئەوە هەموو كاتێك بۆ منیش دەغدەغە بووە و لە رووی دەروونییەوە لە تەمەنی ٢٤ ساڵانەوە كە راستییەكانی مێژووی خۆم زانی دەستیپێكرد و ئەم رێگەیەم گرتە بەر و شكستێكی زۆرم خوارد و تووشی زۆر دەرگای داخراو بووم، بەڵام ئێستا دڵخۆشم كە رێگەیەك كراوەتەوە و دەتوانین پەیامی ئاشتی و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بنێرین بۆ هەموو جیهان. ئەو پەیامە بۆ هەموو لایەنێكی دەبێ و هیوادارم من وەكو باڵیۆزی ئاشتی بتوانم خزمەتی باش بۆ سەلماندنی ئەم راستییە بكەم''.

خەلیل كە لە ئێران كۆلێژی یاسا تەواو دەكات و لە ناسمانەی ئێرانیدا ناوی محەمەد ئەمینە و ئێستا سەرقاڵی كاری پزیشكی دادوەرییە، لەدوای تەمەنی ٢٤ ساڵیی و زانینی هەندێك لە راستییەكانی ژیانی خۆی، بەردەوام سەردانی هەموو ناوچەكانی ئێران دەكات تا بەدوای ناسنامەی خۆیدا بگەڕێت، دواجار لە ساڵی پاردا و دوای ٣١ ساڵ لە كارەساتی كیمیاباران و دابڕانی لە كەسوكاری ساڵی پار لە ٢٢ی شوباتدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و چەند لێدوانێك بۆ كەناڵە ناوخۆییەكان دەدات، دەربارەی چیرۆكی خۆی قسە دەكات. ئەو لەسەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردساتان باس لەوە دەكات كە ئەو تەنیا چەند مانگێك تەمەنی بووە لەدوای كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەوە لە ئێران ون دەبێت و لەلایەن كەسێكی ترەوە بەخێو دەكرێت.

لەم نێوەندەدا دایە مەلیحە ئەم جۆرە لێدوان دەبینێت و پەیوەندی دەكات بە سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر و داوای لێدەكات كە یەكتربینینێكیان بۆ رێكبخەن لەگەڵ ئەو كەسە كە ناوی محەمەد ئەمین-ە لە ناسنامەی ئێرانیدا.

دوای مشتومڕێكی زۆر و سەرەڕای نەبوونی كاتی پێویست، دایە مەلیحە خۆی دەگەیەنێتە شارۆچكەی سەیدسادق تاكو لەوێ چاوی بكەوێت بەو كوڕەی كە لە تەلەڤیزیۆنەكانەوە بینیوێتی و ئەم بە كوڕەكەی خۆی دەزانێت.

مەلیحەو خەلیل دوای ٣١ ساڵ لە دابڕان لە سەیدسادق چاوی بە خەلیل دەكەوێت و باوەشی پێدادەكات و هەردووكیان دەستدەكەن بەگریان. مەلیحە دەڵێت هەر كە چاوم پێی كەوت رەحمم بۆ جوڵا.

مەلیحە بەو جۆرە باس لە سەرەتای بینینەكە دەكات، ''ئەو رۆژە دایانە تەلەڤیزیۆن ناسیمەوە، گوتم ئەمە خەلیل-ی ئێمەیە، تەلەفۆنم كرد بۆ كاك لوقمان-ی كیمیاباران و پێم گوت ئەبێت بمبەی بۆلای خەلیل، ئەویش گوتی چۆنەزانی ئەوە خەلیل-ە؟ منیش گوتم وەڵا ئەوە خەلیلی منە. بەشێوەیەكەیا لە تەلەڤیزیۆن ناسیمەوە. ئیتر كە چووینە سەیدسادق بۆ ئەوەی چاومان پێبكەوێت، گوتیان كاتی نییە دەبێت بڕواتەوە بۆ ئێران، منیش تكای دنیام كرد كە ئەگەر بۆ یەك دەقەش بووبێت بهێڵن چاومپێی بكەوێت كە رۆیشتین هەر (خەلیل) دابەزی لە سەیارەكە باوەشی پیا كردم. گوتم خەلیل گیان گریانی ناوێت تۆ هەر خەلیلی منی."

پاش ئەم یەكتر بینینە، دادگای هەڵەبجە ئاگادار دەكرێتەوە و پشكنینی خوێن بۆ ئەو هاووڵاتیە ئێرانییە بەناوی محەمەد ئەمین دەكرێت، ئەویش بۆ پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەی ئەوەی كە ئەم كەسە كوڕی دایە مەلیحەیە. پشكنینەكانی خوێن بۆ DNA، رەوانەی بەریتانیا دەكرێت و پێیان رادەسپێرن كە دوای هەشت مانگ ئەنجامی ئەو پشكنینە دەگەڕێتەوە، ئەمان خۆیان پێناگیرێت و دەچنە تاران و لەوێ پشكنینی DNA دەكەن و پاش ٧٤ كاتژمێر ئەنجامەكە دەردەچێت و یەكانگیر دەبێتەوە و دەردەكەوێت كە محەمەد ئەمین-ی خاوەنی رەگەزنامەی ئێران، ئەو منداڵەی دایە مەلیحەیە بەناوی خەلیل ساڵح-ەوە كە پێش ٣١ ساڵ و لە نۆ مانگیدا لە دایە مەلیحە ون بووە. ئەم پشكنینە دەهێننەوە بۆ دادگای هەڵەبجە، بەڵام لەبەر ئەوەی كە دادگا ئاراستەی ئەو نەخۆشخانەیەی نەكردوون، دادگا ئەنجامەكە قبوڵ ناكات و رەوانەی بەڵگەی تاوانی هەولێریان دەكەن. تاكو لەوێ پشكنینی خوێنیان بۆ بكەن و لەماوەی دوو مانگدا پشكنینەكە ئەنجامەكەی دەردەچێت.
چیرۆکی ٣١ ساڵ ون بوون
لەسەر دەرئەنجامی ئەو پشكنینە، دادگای هەڵەبجە بڕیاری خۆی دەركرد و تیایدا دەڵێت "بڕیار، داواكار خەلیل ساڵح محەمەد لە داوای ژمارە ٨٠٤ ش ٢٠١٩، لەم دادگایە بانگەشەی كرد كە داوا لەسەركراو مەلیحە محەمەد رەشید دایكێتی و لەكاتی كارەساتی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە منداڵ بووە و لە كەسوكارەكەی ونبووە. دایكی ناوبراویش بە مردوو لەقەڵەمی داوە و لە دادگای باری كەسێتی سلێمانی بەڵگەنامەی مردنی بە ژمارە ٢٥٣١ لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩دا بۆ دەركردووە. بۆیە داواكار داوای كرد كە داوا لەسەركراو بانگهێشتی دادبینی بكرێت و بەڵگەنامەی مردنەكەی پوچەڵ بكرێتەوە، چونكە زیندووە و لە ژیاندایە. دادگاش دوای وردبینی داواكە و بیستنی گوتەی داواكار و داوا لەسەركراو و شایەتەكانی داواكار و كەسانی سێیەم بۆ روونكردنەوە و سەرنجدان لەسەر بەڵگە هاوپێچەكان وەك وێنەی تۆماری باری شارستانی لایەنەكانی داواكە و وەڵامی باری كەسێتی سلێمانی، بەشنامەی شەرعی، بەناوی ساڵح محەمەد، هاوكات پشكنینی DNA لایەنەكانی داواكە، دەركەوت كە داواكار كوڕی داوا لەسەركراو مەلیحە محەمەد رەشید و ساڵح محەمەدە و زیندووە. بۆیە دادگا بریاری دا بە پووچەڵكردنەوەی بەڵگەنامەی مردنی داواكار خەلیل ساڵح محەمەد، بەژمارە ٢٥٣١ كە لە دادگای باری كەسێتی سلێمانی دەرچووە.''

لە مەراسیمێكدا كە لە شاری هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە رێكخرابوو، بە ئامادەبوونی كەسوكاری لەگەڵ بەخێوكەرانی، خەلیل ساڵح لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئازاد تۆفیق-ەوە رەگەزنامەی نوێی عێراقیی پێ درایەوەو بە كەسوكاری شادبوویەوە.

ئێستا خەلیل لەگەڵ دایكی بەیەك شادبوونەوە، وەك خەلیل ساڵح ئاماژەی پێدەكات لەئێستادا گرێی دەروونییەكانم لەسەدا ٦٠ی كراونەتەوە، بەڵام لەسەدا ٤٠ی كەوتۆتەوە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كاری پێویست بكات زەمینەسازی بكات بۆ ئاسانكاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ بەیەكگەیشتنەوەی ونبووەكانی تر.


س: ئاژانسی ئەنادۆڵۆ