10 نیشانه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاوی منداڵه‌كه‌ت كێشه‌ی‌ هه‌یه‌

176 جار خوێندراوەتەوە کات08:07 بەروار24-12-2019
10 نیشانه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاوی منداڵه‌كه‌ت كێشه‌ی‌ هه‌یه‌
ڕاچڵه‌كین-

زانینی هه‌بوونی گرفت له‌ چاوی منداڵدا زۆر جار كارێكی ئاسان نییه‌ بۆ دایك و باوك به‌ڵام هەرکات یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەت لە منداڵەکەتدا بەدی کرد كه‌ دكتۆر ماکۆک محمد پزیشکی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو باسی لێوه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ پێویسته سەردانی پزیشکی چاوی پێ بکەیت بۆ زانینی بوون و نەبوونی گرفت لە چاوەکانیدا.

1- چاو تروکاندنی زۆر: لەوانەیە نیشانە بێت بۆ بوونی نەخۆشی چاو، بە تایبەتی وشکبوونەوەی چاو.

2- جوڵەی نائاسایی و لەرزینی چاوەکانی: لەوانەیە نیشانەی لاوازی تۆڕەی چاو و نەخۆشی زگماکی چاوەکانی بێت.

3- ئاوکردن و ڕیپۆقی چاو: لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی میکرۆبیی چاو یان گیرانی بۆری فرمێسکی بێت.

4- چاو هەڵنەهاتن بە ڕووناکی: ئەگەری هەیە نیشانەی برینداری و تەنی نامۆی سەر گلێنەی چاو یان فرەهەستیار چاوەکانی بێت.

5- زۆر لە نزیکەوە سەیرکردنی تیڤی ئەگەری ئەوەی لێ ]ەکرێت چاوی منداڵەکە کز بێت بۆیە لە نزیکەوە ته‌ماشای دەکات، نەک ئەوەی لە نزیکەوە ته‌ماشاكردن بووبێتە هۆی کزبوونی چاوی.

6- هەر پەڵەیەکی سپی لەناوەڕاستی ڕەشێنەی چاوی منداڵدا ئەگەری نەخۆشی مەترسیداری لێ دەکرێت.

7- تیلی و سوڕانی چاو بۆ ناوەوە یان دەرەوە واتە کێشەیەکی گرنگ لە چاویدا هەیە و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە.

8- پێ هەڵکەوتن و خۆکێشانی بە شتەکانی ناوماڵدا، بە تایبەت لە شەواندا ئەگەری چاوکزی یان شەوکوێری لێ دەکرێت، پێویستی بە پشکنینە.

9- تەمەڵی لە قوتابخانە و نەبوونی تاقەتی سەعیکردن ئەگەری هەیە نیشانەیەکی چاوکزی بێت.

10- بوونی سەرئێشە بەبێ بوونی هۆکاری دیاریکراوی تر، ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشە و نەخۆشی چاو.