سروە: وێنەی رووتی خوشكەكەمم لە مۆبایلی هاوسەرەكەمدا دۆزیەوە

17055 جار خوێندراوەتەوە کات06:03 بەروار02-01-2020
سروە: وێنەی رووتی خوشكەكەمم لە مۆبایلی هاوسەرەكەمدا دۆزیەوە

راچڵەكین-

سروە، تەمەن 35 ساڵ، 11 ساڵە لەگەڵ (ب) خێزانی پێكهێناوە و خاوەنی سێ منداڵن، هەموو جارێك كە دەچوو بۆ بازاڕ یان نەخۆشخانە، خوشكە بچووكەكەی خۆی لەلای منداڵەكان جێدەهێشت، بەڵام دواتر بۆی دەركەوت كە (ك)ی خوشكی دەستی لەگەڵ (ب) تێكەڵ كردووە.
 
پەیوەندیی نێوان (ك)، تەمەن 22 ساڵ و (ب)ی تەمەن 39 ساڵ بەهۆی كچەكەی سروەوە ئاشكرا بوو.

 سروە دەڵێت: " كۆتایی مانگی رابردوو بۆ ددان كێشان چوومە نەخۆشخانە و وەك هەمیشە خوشكەكەم لای منداڵەكانم بەجێهێشت، كە گەڕامەوە ماڵەوە خوشكەكەم لەوێ نەبوو، كچە تەمەن چوار ساڵانەكەم گوتی، باوكم جلەكانی لەبەر دادە دانا و ماچی كرد".
 
ئەم قسانەی كچەكەی گومان لە دڵی سروەدا دەچێنن: "هیچ كاتێك بەخەیاڵیش بیرم لەوە نەدەكردەوە هاوسەرەكەم خیانەتم لێ بكات. بەو قسەیەی كچەكەم شۆك بووم. كاتێك چووم بۆ حەمام بینیم لفكەكەی من و مێردەكەشم تەڕ بوو، ئینجا دڵنیا بووم لە ناپاكییەكەیان".
 
ئامارەكانی جیابوونەوەی ژن و مێرد رۆژ بە رۆژ لە هەڵكشاندان كە بەشی زۆریان پەیوەندییان بە ناپاكیی هاوژینییەوە هەیە، لە نێویاندا ناپاكی لەگەڵ كەسانی نزیك.
 
سروە بەدوای بەڵگەیەكدا دەگەڕا بۆ سەلماندنی گومانەكەی، بۆیە لە نیوە شەودا مۆبایلی مێردەكەی دەبات، سروە دەڵێت: "كە سەیری مۆبایلەكەم كرد پڕ بوو لە وێنەی رووتی خوشكەكەم و ئافرەتی دیكەش، هەروەها چەندین نامەی دڵداریش".
 
سروە هۆش لە سەریدا نامێَنێ و بیر لەوە دەكاتەوە خۆی بكوژێ، بەڵام لەبەر منداڵەكانی پەشیمان دەبێتەوە. پاشان دەچێ بۆ لای خوشكە گەورەكەی، ئەویش پێشنیازی بۆ كردبوو خوشكە بچووكەكەیان لە (ب) دووربخەنەوە و بەبێدەنگی كێشەكە چارەسەر بكەن، ئەوان نەدەوێران ئەو بابەتە لەلای پیاوەكان باس بكەن، چونكە دەترسان (ك) بكوژرێ.
 
بەڵام سروە بەرگەی ناپاكیی هاوژینەكەی نەگرت و بە قسەی خوشكە گەورەكەی نەكرد، بەڵكو لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان سكاڵای لەسەر  هاوسەرەكەی تۆمار كرد و دەستگیر كرا. خوشكەكەشی كە زانی ئاشكرا بووە، لە ترسان رۆیشت بۆ ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان و چیرۆكەكەی بۆ باس كردبوون، بۆیە ئەویش دەستگیركرا.
 
دواتر ئاشكرا بوو كە مێردی سروە پەیوەندی لەگەڵ چوار  ئافرەتی دیكەش هەبووە. سروە گوتی: "مێردەكەم لە گوتەكانی بۆ پۆلیس دانی بەوەداناوە كە ماوەی سێ ساڵە پەیوەندی لەگەڵ خوشكە بچووكەكەم و سێ ئافرەتی دیكەش هەبووە. بیانووەكەشی ئەوە بووە كە ئەو ژنانە وازیان لێ نەهێناوە".
 
خوشكەكەشی دوای دەستگیركردنی بە پۆلیسی وتووە: "زاواكەمان پێشتر وەك برایەك هەمیشە هاوكارم بوو، دوو ساڵی پەیمانگا زۆر جار خۆی دەهات بەدوامدا و دەیهێنامەوە ماڵەوە. ئێمە باوكمان نەمابوو، هەمیشە پێیدەگوتم ناهێڵم بێ باوكیت پێوە دیاربێت، دواتر لێم نزیك بووەوە و پێیگوتم خوشكەكەت زۆر ساردە لەگەڵم و ژیانمان هیچ خۆشییەكی تێدا نییە، بە پارە و گرنگیپێدان هۆگری خۆی كردم، پەیوەندی سێكسیشمان هەبوو، بەڵام كچێنیم لەدەستنەداوە، ئێستاش پەشیمانم و خۆشم نازانم چۆن تاوانێكی وا گەورەم كرد".
 
كرانەوەی خێرای كۆمەڵگە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكاری زیادبوونی ناپاكیی هاوژینین. رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "بەپێی ئەو سكاڵایانەی بۆ پۆلیس دێن، لەدوای 2010 وە حاڵەتەكانی ناپاكی روولەزیادبوونە، هۆكارەكەی ئەگەر ساڵانی پێشوو بەهۆی بەزۆر بەشوودان و توندوتیژیی پیاوان بووبێت، ئێستا بەهۆی كرانەوەی خێرای كۆمەڵگایە بەڕووی تەكنەلۆژیا و خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان".
 
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەدا كە حاڵەت هەیە پیاوان لەگەڵ كەسی پلە یەكی هاوژینەكەیان، وەكو دایك و خوشك و پوور ناپاكییان كردووە، بەڵام ئەو حاڵەتانە لەلای ئەوان زۆر نین".
 
بەپێی ئاماری دادگاكان، لە ساڵی 2017دا 5729 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە، لە ساڵی 2018 ئامارەكە زۆر زیادی كردووە و 9191 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراون.
 
لانە ئامانج، بەرپرسی رێكخراوی ماڵی لانە دەڵێت، ئەمساڵ 6300 داوای جیابوونەوە لە دادگاكانی باری كەسێتی هەرێمی كوردستان پێشكەش كراون بۆ جیابوونەوە. وەك ئەو دەڵێت: "لە دوای نەگونجان، ناپاكی هۆكاری دووەمی جیابوونەوەیە. 90٪‏ی ئەو سكاڵایانەی بەهۆی ناپاكی تۆمار دەكرێن بە جیابوونەوە كۆتاییان دێت".
 
لانە ئامانج كە پارێزەریشە، پێیوایە ناپاكی لە حاڵەت دەرچووە و دەڵێت "رۆژانە كەیسی ناپاكی و لەنێویشیاندا ناپاكی لەگەڵ كەسی مەحرەم دێتە لامان، بیانووش بۆ تاوانەكە ئەوەیە كە هاوسەرەكەی گرنگیی پێنەداوە كە ئەمە قسەی زۆربەی ژنەكانە، هەروەها تۆڵەكردنەوە لەوەی كە هاوژینەكانیان ناپاكییان لەگەڵ كردوون".
 
لانە ئامانج دەڵێ لەڕووی یاساییەوە ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ مەحرەمدا هەیە سزایان قورسترە لە ناپاكیكردن لەگەڵ كەسی نامەحرەم كە هەندێكجار تا پێنج ساڵ بەندكردنیش دەڕوات، زۆر جاریش كێشەی كۆمەڵایەتی و تەنانەت كوشتنشی لێدەكەوێتەوە بەتایبەت بەرامبەر ژنەكان".  لانە وتیشی: "لە دوو ساڵی رابردوودا 18 دۆسیەی ناپاكی لەگەڵ كەسی مەحرەم لە رێكخراوەكەمان تۆمار كراوە.

س: رووداو