10 زانیاری له‌سه‌ر نه‌خۆشی ئۆتیزم

320 جار خوێندراوەتەوە کات07:19 بەروار03-01-2020
10 زانیاری له‌سه‌ر نه‌خۆشی ئۆتیزم

ڕاچڵه‌كین-

ئۆتیزم بریتیە لە شێوان و تێكچوونی شێواز هەڵسوكەوت و بیركردنەوەیی و پەیوەندی كردنی منداڵ لەگەڵ كەسانی دەوروبەر و رێژەی تووش بوونەكەش لە منداڵێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێكێیان نیشانەكانیان لاوازە، ئەم جۆرەیان دەتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ ژیان بەسەر ببەن و هەندێكی دیكەشیان  نیشانەكان یان راستتر كاریگەری نەخۆشیەكە (رێژەكەی)زیاترە، ئەم جۆرەیان پێویستیان بە كەسانی دیكە هەیە بۆئەوەی بتوانێت درێژە بەژیان بدات، دكتۆر جەعفەر عومەر پزیشکی نەخۆشییە دەرونییەکان له‌م بابه‌ته‌دا 10 زانیاری گرنگ له‌سه‌ر نه‌خۆشی ئۆتیزم ڕوون ده‌كاته‌وه‌.


1- ئۆتیزم واتە بوونی کێشە لە پەیوەندییەکان لەگەل ئەوانی تر و بوونی ئارەزو و جولەی دووبارە و سنوردار لای منداڵ کە وادەکات منداڵ زیاتر لەناوخۆیدا بژی.

2-  ئۆتیزم چەندین شکڵ و شێوەی هەیە و تەنها یەک شێیوە نییە، لەبەرئەوەشە ئیستا پێیدەوترێت شڵەژانی شەبەنگی ئۆتیزم.

3- ئۆتیزم نەخۆشی تەمەنی منداڵییە و لە تەمەنی گەشەی سەرەتای منداڵیدا دەردەکەویت نەک بە گەورەیی.

4- رێژەکەی لە رەگەزی کوردا بەرزترە. بە رێژەی ٤ کور بە ١ کچ.

5- رێژەکەی لە هەڵکشاندایە، تازەترین راپرسی کە لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ بلاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە لە هەر ٤٠ منداڵێکی تەمەنی ٣ بۆ ١٧ ساڵان یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە .

6-  هەندێک توشبوو بە ئۆتیزم بە چارەسەر و راهێنانەوە نیشانەکانیان کەمدەبنەوە و بەرەو باشبوون دەچن. بەتایبەت ئەگەر لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە چارەسەر وەربگرن. 

7-  ئۆتیزم ئەگەر بیرکۆڵی لەگەڵ نەبێت واتە منداڵەکە ئاستی ژیری باش بێت ئەوە ئەگەری باشبوونی زۆرە و لەروی چارەسەرییەوە بەرەوپێشەوە دەچێت.

8- هۆکاری مەترسیدار بۆ توشبوون بە ئۆتیزم زۆرن، جگە لە بۆماوە کە رۆلی هەیە لە توشبووندا، چەند هۆکارێکی ژینگەیی ئەگەری توشبوون زیاتر دەکەن وەکو: نەخۆشبوونی دایک کاتێک کە مندالەکەی لە سکدایە، زەبر و کێشەکانی کاتی لەدایکبوونی منداڵ وەکو درەنگ کەوتنی لەدایکبوون، نارەحەتبوونی منداڵ کاتی لەدایکبوون، توشبوون بە هەندێک نەخۆشی لە تەمەنی کۆرپەلەییدا وەکو زەردوویی و بەرکەوتن بە ژەهرەکان..

9- زۆر سەیرکردنی شاشە لە تەمەنی خوار ٢ ساڵان هۆکارێکە بۆ توشبوون بە چەندین نێشانەی ئۆتیزم و و تەنانەت دەستنیشانکردن بە ئۆتیزم. 

10- لەدایکبوونی مندال بە نەشتەرگەری کە ئێستا لەناو خانماندا زۆر بەربڵاوە و هەندێکجار بەبێ هۆکاری پزیشکی دەیکەن بۆ بابەتی دەستکەوتنی رێکەوتی جوان بۆ منداڵ یان لە ترسی ژانی منداڵبوون. دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری لەدایکدەبن زیاتر توشی ئۆتیزم دەبن.