مایک پەمپێیۆ و مه‌سعود بارزانى چۆن رێككه‌وتن ؟

9230 جار خوێندراوەتەوە کات10:51 بەروار06-01-2020
مایک پەمپێیۆ و مه‌سعود بارزانى چۆن رێككه‌وتن ؟

دواى ئه‌وه‌ى به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى هه‌ینى، 3ى كانونى دووه‌م، هه‌ریه‌ك له‌ قاسم سوله‌یمانى و مهدى موهه‌ندیس له‌رێگه‌ى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانى ئه‌مه‌ریكا كوژران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایكرد پاڵپشت بە ماددەی 58ی دەستوور کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت لەبارەی هەڵوێستی فەرمی عێراق له‌باره‌ى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئه‌مه‌ریكییه‌كان زانیاریان پێگه‌یشت كه‌ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان له‌ هه‌وڵى داڕشتنى پڕۆژه‌ بڕیارێكن بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، ئێوارەی هەینی 3ى كانونى دووه‌م، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پەمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.
هه‌رچه‌نده‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کراوه‌، جەخت لە سەر هێورکردنەوە دۆخی ناوچەکە و نەهێشتنی گرژی و دانبەخۆداگرتن و بەردەوامبوونی دایەلۆگ کرایەوە.
به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا داواى له‌ مه‌سرور بارزانى كردوه‌، كه‌ كورد نه‌چێته‌ هیچ دانیشتنێكى په‌رله‌مان له‌ باره‌ى ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و له‌و بابه‌ته‌ بێلایه‌ن بێت، به‌ڵام مه‌سرور بارزانى پێشنیاز بۆ مایک پەمپێیۆ ده‌كات، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى باوكى قسه‌ بكات، تاوه‌كو له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان و لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ بكات.
به‌پێى زانیارییه‌كان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ پێشنیازى مه‌سرور بارزانى قبوڵكردوه‌، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى له‌وباره‌یه‌وه‌ دووجار قسه‌ى كرد، به‌پێى زانیارییه‌كان له‌سه‌ره‌تاى گفتووگۆیه‌كه‌یان بارزانى ئۆباڵى ئه‌و دۆخه‌ى خستۆته‌ ئه‌ستۆى ئه‌مه‌ریكییه‌كان و به‌وه‌ى كه‌ له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردو، ئه‌مه‌ریكا گوێی لێنه‌گرتووه‌ له‌سه‌ر دۆخى عێراق، تاوه‌كو عێراق به‌و دۆخه‌ گه‌یشتوه‌.
بارزانى له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى راگه‌یاندوه‌، كه‌ خودى خۆى له‌ دانیشتنێكدا به‌ مایک پەمپێیۆ ووتوه‌، كه‌ دۆخى عێراق له‌ داهاتوودا به‌ره‌ و ته‌قینه‌وه‌ و خراپى ده‌چێت، به‌هۆى تاكڕه‌وى لایه‌نى شیعى و ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى.
بارزانى له‌ یه‌كه‌م ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، ره‌تیكردۆته‌وه‌ هیچ بڕیارێكى پێشوه‌خته‌ بدات بۆ به‌شداری نه‌كردنیان له‌و دانیشتنه‌ و لۆمه‌ى ئه‌مه‌ریكاشى كردووه‌ كه‌ له‌ رووداوى ریفراندۆم و شانزده‌ى ئۆكتۆبه‌ر پشتگیرى به‌غدایان كردووه‌ و ئاماژه‌شى به‌وه‌كردوه‌، ئێستا كورد به‌هۆى ئه‌و رووداوه‌ ده‌توانێت پشتگیرى به‌غدا بكات و بچێته‌ دانیشتنى په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ش بكه‌ن هه‌م زۆر شت به‌ده‌ستده‌هێنن، هه‌میش زیاتر له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێستاى شیعه‌كان و ئێران نزیك ده‌بنه‌وه‌.
بارزانى وتوویه‌تى ئێوه‌ له‌ كاتێكدا هانا بۆ كورد ده‌هێنن كه‌ كارتان پێیانه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2017 به‌ هانای كورد نه‌هاتوون، كاتێك به‌غدا به‌ هاوكارى ئێران هێرشى كرده‌ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.
زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ده‌خه‌نه‌ڕو، مه‌سعود بارزانى له‌ ته‌له‌فۆنى یه‌كه‌مدا هیچ به‌ڵێنێكى نه‌داوه‌ و داواى كردووه‌ مۆڵه‌تیان پێبدرێت تا دیراسه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن، ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌ى بارزانى له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبوو پێیوایه‌ كه‌ متمانه‌كردن به‌ ئه‌مه‌ریكا و رۆژئاوا سوودى بۆ كورد نه‌بوه‌.
هه‌مان شه‌و دواى سێ كاتژمێر مایک پەمپێیۆ په‌یوه‌ندى به‌ بارزانى ده‌كاته‌وه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كان ناوبراو كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنى به‌ بارزانى داوه‌، له‌ باره‌ى داهاتووى كورد له‌ ناوچه‌كه‌، بارزانیش نه‌رمى نواندووه‌ و رازیبووه‌ له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ى، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نازانرێ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ چی بوون.
مه‌سعود بارزانى له‌ ته‌له‌فۆنى جارى دووه‌مدا، رازیده‌بێت به‌وه‌ى كه‌ بێلایه‌ن بن و نه‌چنه‌ هیچ دانیشتنێكه‌وه‌. دواى ئه‌مه‌ش نێچیرڤان بارزانى راده‌سپێرێت و ناوبراویش له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ نێوشیان فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كان و چه‌ند به‌رپرسێكى سیاسى هه‌رێم په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى ئه‌نجامده‌دات، هه‌ڵوێستى فه‌رمى هه‌رێمیان بۆ روونده‌كاته‌وه‌ و داوا ده‌كات نه‌چنه‌ دانیشتنى ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى په‌رله‌مان، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا یه‌كێتیى دوو دڵ بوون له‌ نه‌چوونیان به‌هۆى ترسیان له‌ ئێران و خراپى بارودۆخى نێوخۆیان، به‌ڵام دواجار ئه‌وانیش له‌ شه‌وى شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌كشه‌ممه‌، به‌ داواكه‌ى نێچیرڤان بارزانى رازیبوون، ئه‌مه‌ش له‌ ترسى ته‌خوینكردن و تۆمه‌تباركردنیان له‌ لایه‌ن میدیاى پارتى.
دواى ئه‌و بڕیاره‌ش فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداریی دانیشتنی ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌، 5ى كانونى پەرلەمانی عێراقیان نه‌كرد، كە تایبەتە بە كوشتنی ئەبوومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی. پەرلەمانی عێراق لەو دانیشتنه‌ نائاسایه‌دا پرۆژە بڕیارێکی پێنج خاڵیی پەسندکرد و بڕیاریدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربکرێن.

سه‌رتیپ وه‌یسی