چاره‌نووسی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی

284 جار خوێندراوەتەوە کات10:43 بەروار09-01-2020
چاره‌نووسی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌سه‌ر جێگیركردنی هه‌ردوو بڕگه‌ی كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی و دانه‌وه‌ی قه‌رزی فه‌رمانبه‌ران رێككه‌وتن و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش په‌سه‌ندی كرد. پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌، لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان دواین راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی پێشه‌كه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، وابڕیاریشه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دواین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامبدات.
به‌پێی زانیارییه‌كان حكومه‌ت و په‌رله‌مان زۆر په‌له‌یانه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌، فشاریشیان له‌ لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ماوه‌ی دوو كاتژمێردا دواین راپۆڕتی خۆیان پێشه‌كه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌مڕۆش ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ 6 لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیداری په‌رله‌مان ئه‌نجامده‌دات، هه‌ر ئه‌مڕۆش بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران بكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی تایبه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی دوووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی.
ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ تایبه‌ت به‌ دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری تایبه‌تی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی تێدانییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، سپێردراوه‌ به‌ قه‌ده‌ر و داهاتوو( ده‌خرێته‌ حساب بانكی باتڵ و وه‌همی بۆ داهاتوو به‌پێی رێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی ) ، بڕگه‌ی كه‌مترین موچه‌ی خانه‌شینیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌.

ئه‌و په‌له‌یه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و رێگه‌ نه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه‌ باشتر دیراسه‌ بكرێت و به‌ رێككاری یاسایی باشتر تێپه‌ربێت، هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ دواتر یاساكه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا قوڕس ده‌بێت و رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ ره‌هه‌ندی ئابووری و دارایی زۆری هه‌یه‌ ره‌نگه‌ خه‌ڵكانێكی شایسته‌ زه‌ره‌رمه‌ندبن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ئه‌و یاسایه‌ 16 یاسایی دیكه‌ی به‌ركاری هه‌رێمی كوردستان نابێت كاریان پێبكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا تێكده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووی كێشه‌مان ده‌كاته‌وه‌ له‌ داهاتوو.
پارتی له‌ ژێره‌وه‌ به‌ڵێنی به‌ یه‌كێتیی داوه‌ كه‌ به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و حزبه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی یاسایی چاكسازی بۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن، گۆڕانیش خوا خوایه‌تی به‌هۆی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ خه‌ڵكیان داوه، كه‌ ئەوان به‌هۆی تێپه‌راندنی یاساكه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو حكومه‌ت، ده‌یانه‌وێ زوو ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕببێت و له‌و ئیحراجی و رووگیریه‌ی تووشی بوون رزگاریان بێت. به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش به‌خۆرایی و به‌ ماده‌ و بڕگه‌ی لاستیكی ڕه‌دووی كاره‌كه‌ كه‌وتوون.