ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو كوردستانێكی تاریكتر

145 جار خوێندراوەتەوە کات12:05 بەروار13-01-2020
ساڵ لەدوای ساڵ بەرەو كوردستانێكی تاریكتر

عارف قوربانی

زۆر جار لە میدیای كوردستان و لە ئاستی باڵای حیزبی و حكومیشەوە ئەوە دەبیستین كە فەشەلی حوكمڕانیی عێراق دەبەستنەوە بە شكستی كەرتی كارەباوە. 
 
باس لەوە دەكرێت كە لەم 16 ساڵەی رابردووی دوای كەوتنی سەدام، بە دەیان ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا تەرخانكراوە و كەچی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بە ماڵان بەجۆرێكە، شكستی ئەو كەرتە و عەقڵیەتی حوكمڕانی لە عێراق بەدیاردەخات. بەڵام هیچكات روو بەلای خۆماندا وەرناگێڕین تا هەمان ئەو بەراوردكارییە بكەین بە پێوەر بۆ خۆیشمان. 
 
ئایا هیچ دامەزراوەیەكی میدیایی، هیچ ناوەندێكی توێژینەوە، هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمانی، یا هیچ دەزگایەكی چاودێری لە كوردستان ژمارەی ئەو بڕە پارانەی لەبەردەستە كە بۆ كەرتی كارەبا لە كوردستان تەرخانكراون، تا بە هەمان پێوەری ئەوەی لەو بوارەدا خەرجكراوە بە ئاستی بەرهەمهێنان و پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بە ماڵان بەراوردی بكەین و بزانین ئێمە لە كوێدا سەركەوتووین تا كارەبا لە عێراق بكەینە بەڵگەی فەشەل؟ 
 
ئایا هەر بەڕاستی دەسەڵاتدارانی كورد باوەڕیان وایە كەرتی كارەبا لە كوردستان سەركەوتوو بووە؟ ئایا هیچكات لەخۆیان پرسیوە چ لۆژیكێكە كاتێ‌ لە وەرزی زستاندا بەهۆی دابەزینی چوار پێنج پلەی گەرما، لە شەو و رۆژێكدا سەعاتەكانی پێدانی كارەبا پێنج شەش سەعات كەم دەبێتەوە؟ یان لە هاویندا كە بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی گەرماوە لەپڕ پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بۆ ئاستی نیوە دادەبەزێ؟ هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنرێت كە كەرتی كارەبا لە كوردستان شكستی خواردووە، جا ئەگەر ئەمە پێوەر بێت بۆ سیاسەتی بەڕێوەبردن و عەقڵیەتی حوكمڕانی، ئەوە دەبێت بیسلەمێنین كە ئێمەش وەك بەغدا شكستخواردووین. 
 
كەم سروشت و جوگرافیا هەیە وەك كوردستان دەرفەتی فراوانكردنەوە یان فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەبێت. كوردستان سروشتەكەی لەبارە بۆ ئەوەی كارەبا لە (با) دروستبكرێت. دەرفەتی ئەوەی هەیە كارەبا لە (ئاو) بەرهەم بێت. هەڵكەوتە جوگرافییەكەی لەسەر هێڵەكان بەجۆرێكە بە ئاسانی دەتوانرێت سوود لە تیشكی خۆر وەربگرێت وەك سەرچاوەیەكی تری بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمە جگە لەوەی خاوەن نەوت و گازی سروشتیی خۆمانین كە دەتوانرێت وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا پەرەپێبدات. بەم هەموو فرە سەرچاوەییەی دروستكردن و بەرهەمهێنانەوە لەماوەی 28 ساڵی حوكمڕانیدا نەتوانراوە كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت و ساڵ بەساڵیش لەبری ئەوەی بەرەو باشتر بڕوات، كێشەكانی كارەبا زیاتر دەبن. 
 
رەنگە ئێستا بگوترێ كوردستان لە قەیرانی ئابووریدایە و چاككردنی ئەم كەرتە و پەرەپێدان و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی كارەبا پێویستی بە پارەی زۆر هەیە، ئەمە راستە، بەڵام ساڵانێك پارەی زۆر زۆریش لە كوردستان هەبوو، كێشەی كارەباش هەر بەردەوام بوو. ئەگەر پلانی ورد دانەنرێت و بەدوای سەرچاوەی تری بەرهەمهێناندا نەگەڕێین، ساڵ لەدوای ساڵ كوردستان تاریكتر دەبێت. هەرچەندە هەندێك بۆچوون هەن پێیانوایە بەمەبەست نایانەوێ‌ كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت، چونكە سەرچاوەی داهات و كەناڵی بردنی پارەیە بۆ كۆمپانیا حیزبییەكان.
 
پێشتریش زۆرجار ئەوە بەرگوێی خەڵك دەكەوت كە كۆمپانیایەكی وڵاتێكی بیانی، یا فڵان سەرمایەداری خۆماڵی داوای كردووە رێگەی بدرێت لە تیشكی خۆر یان لە با، كارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ناو حیزبەكان و حكومەت گوشاریان خستووەتە سەری كە دەبێت بیانكاتە هاوبەش، یان پارە و پشكیان بداتێ‌، بەو هۆیانەوە هەوڵەكان شكستیان خواردووە. ئەم قسانە ئەگەر راست بووبن یان نا، بەڵام دەكرێت ئێستا بیر لەو رێگایانەی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بكرێتەوە. 
 
هەرچەندە كێشەی كارەبا لە كوردستان و لە عێراقیش بەتەنیا پەیوەست نییە بە بەرهەمهێنان و دابەشكردنەوە، بەڵكوو بەشێكی زۆری كێشەكە پەیوەستە بە خەڵكیشەوە، پەیوەستە بەناهۆشیاری لە بەكاربردن و بەفیڕۆدانی. بەڵام ئەركی حكومەتە شانبەشانی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان، هۆشیاریی بەكاربردنیش لای خەڵك دروست بكات. لەم رۆژانەدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند كە 42 لەسەتی كارەبای هەولێر دەدزرێت، ئایا كەس بیستوویەتی هاووڵاتییەك توانیبێتی 5 دۆلار وەحدەی ئاسیاسێڵ یان كۆڕەك تلیكۆم بدزێت. ئەمە پەیوەندی بە عەقڵ و سیستەمی بەڕێوەبردنەوە هەیە.
 
دەگوترێ یەكێك لە كێشەكانی زۆر بەكاربردنی كارەبا بەهۆی (بۆیلەری ئاوگەرمكردنەوەیە). تەماشا بكەن زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەم گرفتەیان چۆن چارەسەر كردووە، سوودیان لەوە وەرگرتووە لە سووتاندنی خۆڵ و خاشاكی كۆكراوەی شار، ئاوی گەرم بۆ ماڵان دەستەبەر دەكەن. كوردستان ئێستا توانای ئەوەی نییە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی گەرم دروستبكات، بەڵام دەكرێت سوود لە ئەزموونی هەندێ‌ وڵاتی تر وەربگرین. 
 
لە توركیا لەسەر تانكیی سەربانی ماڵان ئامێرێك دانراوە لە تیشكی رووناكی بەشی گەرمكردنی ئاوی ماڵەكە كارەبا بەرهەم دەهێنێت و ئاوی تانكییەكە گەرم دەكات. نرخەكەشی رەنگە هەر پارەی چەند مانگێكی كرێی موەلیدە بێت كە هەر هاووڵاتییەك ناچارە مانگانە بیدات. ئەمە ئەركی حكومەتە لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە ئەم ئامێرە بهێنێتە كوردستان و هۆشیاری بداتە خەڵك بۆ سوودلێوەرگرتنی لەبری كارەبای نیشتمانی و موەلیدە.
 
 هەندێ‌ رێگای ئاسان هەن حكومەت دەتوانێ بەهۆیانەوە گوشارەكانی سەر خۆی كەمبكاتەوە و یارمەتیدەریش بێت لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە. بۆ نموونە ئێستا كۆمپانیا لە دونیادا زۆرن وەك چۆن پێشتر موەلیدەی كارەبایی گەورە و بچووكیان بەرهەم دەهێنا، ئێستا بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەكانی تری وەك خۆر و هەوا ئامێری بچووك بۆ ماڵان دروست دەكەن. بەڵام رەنگە هەموو خەڵك توانای ئەوەی نەبێت كولفەی تێچوونەكەی بدات. 
 
حكومەت تەنیا بە دروستكردنی هەماهەنگی و دروستكردنی متمانە لەنێوان كۆمپانیایەك و فەرمانبەرەكانی خۆی دەتوانێ دادوەری گرێبەستێك بێت تا ئەم كۆمپانیایە لەسەربانی ماڵی فەرمانبەران ئامێری كارەبا دابمەزرێنێ كە تێچووەكەی كەمترە لە 2 هەزار دۆلار و مانگانە بڕی سەت دۆلار لە مووچەكەی بدرێت بە كۆمپانیاكە بەشێوەی قیست. خەڵك كە بووە خاوەنی سەرچاوەی رۆژانەی هەشت سەعات كارەبای ماڵەكەی خۆی، ناچێت كارەبای حكومی یان موەلیدەی گەڕەك بەكاربەرێت. لە پلەی یەكەمدا بەمە بەشێكی زۆر كارەبا بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و بەشی پێدانی ئەوانی تر دەكات كە خاوەنی كارەبای خۆیان نین.
 
پێشتر كوردستان بەبێ‌ پلان شارەكانی بە ئەندازەیەك گەورە بوونەوە كە حكومەت دەرەقەتی دابینكردنی پێویستییە سەرەتاییەكانی نەیەت. ئەگەر ئێستا كەڵك لە رێگاو ئامرازەكانی تری بەرهەمهێنانی كارەبا وەرنەگرێت، بەدڵنیاییەوە ببینە خاوەنی كوورەی ئەتۆمیش، كێشەی كارەبا چارەسەر نابێت. چونكە تا دێت ژمارەی دانیشتووان و خواست لەسەر بەكاربردنی كارەبا زیاتر دەبێت.