بەهۆی بارینی بەفرەوە 14 كەس گیانیان لەدەستدا

1763 جار خوێندراوەتەوە کات04:21 بەروار13-01-2020
بەهۆی بارینی بەفرەوە 14 كەس گیانیان لەدەستدا

راچڵەكین

لە هەرێمی بەلوچستان لەباشووری رۆژئاوای پاكستان، بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە، كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە، 14 كەس گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی ئەنادۆڵ  لە میدیای نیشتمانی پاكستانەوە وەریگرتووە، بەهۆی چڕی بەفر بارینەكەوە، ئاستی بەفر زۆر سەروو ئاستی ئاسایی تێپەڕاندووە.

نوسینگەی كەشناسی پاكستان، ئاماژەی بەوە كردووە، ئاستی بەفر لە هەرێمی بەلوچستان، 50 سانتیمەتر بووە، بەڵام بەهۆی ئەو بەفربارینەی ماوەی چەند رۆژی رابردووەوە، گەیشتووەتە 1،4 مەتر، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر گەشتی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی كویتای پایتەختی ویلایەتەكە، هەڵوەشێندراوەتەوە، یان ئاراستەی فڕۆكەخانەكانی دیكە كراون.

هاوكات بەهۆی ئەو بەفر بارینەوە، داڕووخان لە ژمارەیەكی زۆر لە بیناكانی هەرێمەكە روویداو لە ناوچەی شاهابزا خانوویەكی قوڕ بەهۆی كەڵەكەبوونی بەفرێكی زۆر لە سەربانەكەی دا، ڕووخا و بەهۆیەوە شەش كەس كە سیانیان منداڵبوون، گیانیان لەدەستدا.

لە ناوچەی كیلی لوقمان لە سنووری ئەفغانستان لە میانی مەڕاسیمی مارەكردندا سەربانی خانوویەك داڕووخا و بەهۆیەوە حەوت كەس گیانیان لەدەستدا و چوار كەسی دیكەش برینداربوون.