بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەنهێنی سەردانی عیراق دەكات

662 جار خوێندراوەتەوە کات08:27 بەروار13-01-2020
بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەنهێنی سەردانی عیراق دەكات

راچڵەكین

لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشكرای دەكات، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بەنهێنی سەردانی عیراقی كردووەو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد-ی بەسەركردووەتەوە.

ئاژانسی ئەخبارییە، لەسەرچاوەیەكی ناو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بڵاویكردووەتەوە، رۆژی هەینی 10-1-2020، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، بەنهێنی و بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت، سەردانی عیراقی كردووەو راستەوخۆ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بە فڕۆكەیەكی جۆری ئاپاچی، گەیشتووەتە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد كە هێزەكانی وڵاتەكەی لێیە.

ئاژانسەكە لە سەرچاوەیەكی ئەمنیی عیراقیشەوە ئاشكرایكردووە، بەر لە سەردانە چاوەڕواننەكراوەكەی مایك پێنس، دۆخێكی ئەمنیی توند لەدەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا گیرابووەبەر و جگە لە سووڕانەوەی فڕۆكەی ئەمریكی بە ئاسمانی ناوچەكە، ژمارەیەكی زۆر زرێپۆشی سوپای ئەو وڵاتەش لەنزیك فڕۆكەخانەكە جێگیركرابوون.

سەردانەكەی جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد، دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران دێت بۆسەر ئەو بنكەیە لە تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی، كە بەوتەی دۆناڵد ترەمپ، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی لە ریزەكانی سوپای ئەمریكا لەو بنكەیە لێنەكەوتەوە.