حەشدی شەعبی راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە

958 جار خوێندراوەتەوە کات10:47 بەروار13-01-2020
حەشدی شەعبی راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە

راچڵەكین

فەرماندەیی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە راگەیاندراوێكدا پابەندبوونی بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەبارەی مانەوەی هێزە بیانییەكان دووپاتدەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت، بەردەوام دەبن لەسەر پلانەكانی ئەبو مەهدی موهەندیس.

ئەمڕۆ 13-1-2020، فەرماندەیی حەشدی لەدوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی باڵا، راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا وێڕای بڕیاردان لە بەردەوامبوونیان لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانیان دژ بە پاشماوەكانی داعش و پاراستنی سنوورەكانی عیراق، پابەندبوونیشیان بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق دووپاتكردەوە.

راگەیاندراوەكە، ئاماژەی بەوەشداوە، حەشدی شەعبی بەردەوامی بە پلانەكانی ئەبو مەهدی موهەندیس دەدات و پارێزگارییش لەو سەركەوتن و دەستكەوتانە دەكات كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو تۆماری كردووە.

لەدوای كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، كە رۆژی 3-1-2020 لەگەڵ قاسم سولەیمانی كرانە ئامانجی هێرشێكی ئاسمانیی ئەمریكا، ئەمە یەكەم كۆبوونەوەی فەرماندەیی حەشدی شەعبییە كە ئەنجامی دەدات.