عیراق داوای 20 تریلیۆن دۆلار قەرەبوو لە ئەمریكا دەكات

449 جار خوێندراوەتەوە کات11:25 بەروار13-01-2020
عیراق داوای 20 تریلیۆن دۆلار قەرەبوو لە ئەمریكا دەكات

راچڵەكین

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی سائیرون داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەكات سكاڵایەكی نێودەوڵەتی لەدژی ئەمریكا تۆماربكات و داوای 20 تریلیۆن دۆلاریش لەو وڵاتە بكات لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی داگیركردنی عیراقەوە لە وڵاتەكەی داوە، راشیدەگەیەنێت: ئۆباڵی هەموو وێرانكارییەكانی عیراق لەئەستۆی ئیدارەی ئەمریكایە.

سەلام شممەری لە راگەیاندراوێكدا، كە ئەمڕۆ 13-1-2020 بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاندووە، بەهۆی داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكاوە، زیانێكی زۆر بەر ژێرخانی ئابووری وڵات كەوتووەو وێران بووە.

وتیشی: هەربۆیە پێویستە لەسەر ئیدارەی ئەمریكا بەبڕی 20 تریلیۆن دۆلار قەرەبووی عیراق بكاتەوە لەبەرامبەر هەموو ئەو وێرانكارییانەی بەدرێژایی ساڵانی داگیركردنەوە بەسەری هێناوە.

پەرلەمانتارەكەی سائیرون، داواشی لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق كردووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سكاڵا لەسەر ئیدارەی ئەمریكا تۆمار بكات و بەگوشاری نێودەوڵەتی، واشنتۆن ناچار بكات بە قەرەبووكردنەوەی عیراق.