" مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لەنێوان %15 بۆ % 50 دەبێت"

632 جار خوێندراوەتەوە کات01:06 بەروار14-01-2020

راچڵەكین ـ

ئەندامێكی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەنێوان %15 بۆ % 50 دەبێت.

خەدیجە عومەر تەها، ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020 بە(راچڵەكین)ی راگەیاند:"خوێندنەوەی دووەم بۆ تەواوی پڕۆژەیاسایی خانەنشینی پلەباڵا كراوە، سەرۆكی پەرلەمان لیژنەی یاسایی و لیژنەی تایبەتمەندەكانی راسپارد ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020،  بەئامادەبوونی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم كۆببنەوە بۆ دارشتنەوەو پوختكردنەوەی پێشنیازو سەرنجەكانی پەرلەمانتاران لەبارەی ماددەو بڕگەكانی پرۆژەكەو ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی".

وتیشی:"بەپێی پڕۆژەیاساكە كەمترین مووچە %15ی ئەو مووچەیە دەبێت كە لە ساڵەكانی خزمەتكردن وەرگیراوە و هەروەها زۆرترین مووچەش %50 دەبێت."

خەدیجە، ئاماژەی بەوەشكرد، نابێت ئەو كەسەی خانەنشین دەبێت تەمەنی لە 45 ساڵ كەمتربێت و لە 15 ساڵ كەمتر خزمەتی هەربێت.

پەرلەمانی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا، زۆربەی بڕگە و ماددەكانی پرۆژەیاسای چاكسازیی پەسندكرد و رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە دەدات.
 
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "كاتكۆ 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (16-1-2020 ) دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە بەڕێوەدەچێت، تاوەكو درەنگانی شەوی رابردووش پەرلەمان بۆ گفتوگۆ لەسەر ماددەكانی پرۆژەیاساكە لە كۆبوونەوەدا بوو".
 
پرۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكە، لە 19 ماددە پێكهاتووە، لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە، وەزیرە پەیوەندیدارەكان لە پەرلەمان ئامادەبوون و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە و روونكردنەوە لەبارەی ماددەكانی پرۆژەكە درا.