هۆشیار عەبدوڵا: بێوەفاییە بەرامبەر ئەو خەڵكەی قوربانیدا لە پێناوی گۆڕاندا.. ئێستا تورەییان نادیدە بگیرێ

382 جار خوێندراوەتەوە کات01:23 بەروار14-01-2020
هۆشیار عەبدوڵا: بێوەفاییە بەرامبەر ئەو خەڵكەی قوربانیدا لە پێناوی گۆڕاندا.. ئێستا تورەییان نادیدە بگیرێ

راچڵەكین-

هەڵسوڕاوێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان، رەخنە لەئەدای ئێستای بزووتنەوەكە دەگرێت و دەڵێت:" بێوەفاییە بەرامبەر متمانە و پشتیوانی ئەو هەمو خەڵكەی قوربانیدا لە پێناوی گۆڕاندا ئێستا بێزاری و تورەییان لە گۆڕان نادیدەبگیرێ،گۆڕان لە بزوتنەوەیەكی كۆمەلایەتی فراوانەوە بەرەو ئاراستەیەكی كۆنەپارێزی نەریتی دەروا."

هۆشیار عەبدوڵا، كەلەهەمانكاتدا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە لەپشكی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی نوسیوویەتی:" هەردوجار،ساڵی(۲٠۱۳ و ۲٠۱۸)دژی ئەوەبوم بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە حكومەتدا بكا،چونكە دەمزانی ئۆپۆزسێۆن بەبێ گۆڕان لاواز دەبێ وەك دەیبینین،جیا لەوە گۆڕان دەیتوانی ئۆپۆزسیۆن بێ و فشارێكی جدی بێت لەسەر دەسەڵات،بەڵام مەرج نیە لە حكومەتدا بتوانێ یا رێگەبدەرێ هیچ بگۆرێ،مەگەر خۆی!‬

‫دەشڵێت:" لە ۲٠٠۹ ەوە خەڵك چاوی لەوەبوو گۆڕان فشار بێ لەسەر یەكێتی و پارتی،گۆڕان ئەو ئەركەی لەنێوان ۲٠٠۹ بۆ ۲٠۱۳ باش ئەنجامدا بۆیە جارێكی تر خەلك ۲٤ كورسی و دەنگی زیاتریان پێدایەوە،بەڵام كاتێك ویستی بە تەنیشت ئەو دو هێزەوە بێت كە حزب نین(دۆڕان و بردنەوە)قبوڵ بكەن بەڵكو دەسەڵاتێكی سەپاون،پشتیوانی خەلكێكی زۆری لەدەستدا.‬"

‫"خەڵك دەیەوێ هێزێك هەبێت داكۆكی لێبكا،فشاربێ لەسەر ئەو هێزانەی كە سڵناكەنەوە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات،خەڵك دەیەوێ هێزێكی جیاواز هەبێت كاك نەوشیروانیش گۆڕانی بەو جیاوازیەوە دروستكرد، ئێستا جیاوازیەكانی گۆڕان و ئەوان بەرەونەمان دەچن،ئەوەش گەورەترین مەترسیە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان."

‫ هۆشار عەبدوڵا، دەڵێت:" نەوشیروان مستەفا هێندە مەبەستی بو كە جیاوازبێ لە (ینك و پدك)وتاری (ئێمەوئەوان)ی بۆ تۆخكردنەوەی ئەو جیاوازیە فكریانە نوسی، لە ڕوی شكلیشەوە دژی زۆر مەراسیم و رێورەسم بو كە هێزەكانی تر دەیانكرد،دوای وەفاتی ئەو وەك ئەوەی دۆخەكە گەڕابێتەوە پێش ۲٠٠۹،جیاوازیەكان گۆڕان بۆ لەیەكچون."

‫ ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان  دەڵێت:" وا شەش مانگ بەسەر بەشداریكردنی گۆڕان لەم كابینە نوێیەدا تێدەپەرێت،حەقی هەمو گۆڕانخوازێكە بپرسێت رای گۆڕان تا ئێرە لە رێكەوتنەكەیان،گۆڕانكاریەكان،چاكسازیەكان چیە؟گۆڕان لانیكەم دەبێ بە دەنگدەرەكانی بڵێ رازیە لەو حكومەتەی كە هێشتا بەشێكی پۆستەكانی پێنەدراوە یا لانیكەم رەخنەكانی ڕاشكاوانە دەخاتە بەردەم رایگشتی!‬"

‫"رێكەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پاشەكشەی پارتی لە زۆر بەڵێن كە سەرەتا بە گۆڕانیان دابو بەرپرسیارێتی مێژویی وەفدی دانوستانكار گران دەكا چونكە بەشێك لە پاشەكشەی گۆڕان و لاوازبونی بۆ ئەو رێكەوتنە دەگەرێتەوە،كە ئەوان واژۆیانكردوە و ئاڵاهەڵگریبون."

‫"هەمو لێدوان و قسەكانی ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری گۆڕان(كە بەشێكیان پۆستیشیان وەرگرتوە)لە سەرەتای دانوستانەكاندا ماوە،بەتایبەت پەیوەست بەوەی گۆڕان شەش مانگی وەك دەرفەت بۆ ئەنجامدان یا سەرپێخستنی چاكسازی داناوە،وا شەش مانگەكە تێپەری،ئایا قسە و سەرنج و رونكردنەوەی ئەو بەرێزانە چیە؟!ئەم كابینەیە چی لەوانەی پێش خۆی جیایە بەتایبەت لەپەیوەست بە شەفافیەتی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان."

"لەو رێكەوتنەدا هەر لە سەرەتاوە،پارتی لە دەستەی وەبەرهینان و زیادكرنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم و جۆری وەزارەتەكان و بەشێك لەو وەزارەتانەی وەكیلی وەزیر بۆ گۆڕان دەبێت پەشیمانبۆوە،هەموانیش ئەزانن كە بریار بو سەرۆكی حكومەت یەك یاریدەدەری هەبێت بۆ چاكسازی دەسەڵاتەكانی بە یاسا رێبكخرێ بەڵام سەرۆكی حكومەت بێ ئەوەی یاسا رێگەی پێبدا چەندین یاریدەدەری بۆخۆی دانا و حكومەتێكی لەناو حكومەتدا بۆخۆی دروستكرد و پشكەكەی گۆڕانیش بو بە ئاردی ناو دڕكە زی."

"گۆڕان چارەی تری نیە جگە لەوەی بەروی دەرەوەیدا گوتارە رەخنەییەكەی زیندوبكاتەوە و ڕو لە خەڵك و پشت لە دەسەڵات بێ،ئەوەی كە لە حكومەت بەشدارە مانای ئەوە نیە خۆی بكاتە بەشێك لەو هەمو بەدكاری و گەندەلێی و پیسخۆرەیەی كە هەیە،بە روی ناوەوەدا دەرچون لە دۆخی ناشەرعیبونی دامەزراوەكانی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەخوارەوە بۆ سەری سەرەوە ئێجگار پێویستە و چیتر نابێ دوابخرێ یا خۆدزینەوەی لێبكرێ!"
‫ 
‫ هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت:"گۆڕان بەو جۆرەی ئێستا و بێ گۆڕانكاری ریشەیی و نوێبونەوە لە هەمو ئاستەكانیدا بەتایبەتی لە روی فكریەوە،ناتوانێ بەردەوامبێت.‬"

‫"دواقسە ئەوەیە پێویستە گۆڕان لەهەمو ئاستەكاندا سنگ فراوان بێت بۆ رەخنە،واز لەم بەشەیتانیكردنە بێنێت،كەسێك مادام تا ئەمڕۆ لە گۆڕاندایە فریشتەیە سبەی وازی لەگۆڕان هێنا بكرێتە شەیتان،ئەو حوكمە بۆ خەڵك ڵێگەرێن ئەوان دەزانن كێ وەفادارە و كێ بێوەفایە،دەبێ وەك نەوشیروان مستەفا جگە لە خواستنی ئومێدی ئەوەی خەونی گۆڕانكاری ون نەكەن هیچ قسەیەكتان دژیان نەبێت."