نووسینگەی عەبدولمەهدی: حكومەت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران پاشگەزنابێتەوە

160 جار خوێندراوەتەوە کات03:47 بەروار14-01-2020
نووسینگەی عەبدولمەهدی: حكومەت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران پاشگەزنابێتەوە

راچڵەكین-

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق رایدەگەیەنێت، حكوومەت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان، پاشگەز نابێتەوە.

ولیام وەردە، وتەبێژی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020 رایگەیاند، عیراق هیچ رێككەوتنێك سەبارەت بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ درێژەدان بە شەڕەكانی دژبە داعش واژوو ناكات.

وەردە، وتیشی: "حكوومەت پاڵپشتی لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات سەبارەت بە دەركردنی هێزە بیانییەكان و لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەش پاشگەز نابێتەوە".

وتەبێژی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا پەسەندكردووە و تا ئێستا حكوومەت پابەندە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە."

ئەوەشی روونكردەوە، بڕیارەكە تەنها هێزەكانی ئەمریكا ناگرێتەوە، بەڵكو سەرجەم هێزە بیانییەكان دەگرێتەوەو وتی: "تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ واشنتۆن-دا لە ئارادا نییە بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، حكوومەتیش بە ئاراستەیەكی باش هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران."

رۆژی 5-1-2020،  ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە مەزهەبە ( فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارانی سوننە مەزهەب ئامادەنەبوون)  بڕیارێكی دەركرد كە تیایدا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كۆتایی بهێنێت بە بوونی سەربازانی بیانی لە عێراق.

دوای بڕیارەكە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە كرد،ئەگەر بەغدا داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات ئەوا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.