هادی عامری دەدرێتە دادگای نێودەوڵەتی

2547 جار خوێندراوەتەوە کات07:04 بەروار17-01-2020
هادی عامری دەدرێتە دادگای نێودەوڵەتی

راچڵەكین

پەرلەمانتارێكی عیراق، هێرشێكی توند دەكاتە سەر هادی عامری و بە بكوژی عیراقییەكان تۆمەتباری دەكات، راشیدەگەیەنێت: لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە، لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەم.

فایەق شێخ عەلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر-ی بە گەندەڵی و كوشتنی هاوڵاتیانی عیراق تۆمەتبار كردو رایگەیاند، ئەو تاوانبارە چەندین تاوانی كوشتن و گەندەڵی لەسەر هەیەو بە بەڵگەوە تاوانەكانی دەسەلمێنم.

وتیشی: عامری لەو كاتەی وەزیری گواستنەو گەیاندنی عیراق بوو، كایەی ئاسمانیی عیراقی لە بەرامبەر بڕێك پارە فرۆشتبوو، كاتێكیش لەدوای پرۆسەی رزگاریی گەڕایەوە بۆ عیراق، تەنها بەئامانجی كوشتنی عیراقییەكان گەڕابووەوە، هەموو جیهانیش ئەو راستییە دەزانێت.

فایەق شێخ عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد، كە لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە، لە دادگای نێودەوڵەتی سكاڵا لەسەر هادی عامری تۆمار دەكات، راشیگەیاند: ئەو كەسە نە لە ئەبومەهدی موهەندیس و نە لە قاسم سولەیمانیش گرنگترە، لە سزای تاوانەكانیشی، دەبێ لە گۆڕەپانی تەحریر هەڵبواسرێت.