توركیا تیرۆریستانی سوریا رەوانەی وڵاتێكی تر دەكات

118 جار خوێندراوەتەوە کات10:24 بەروار17-01-2020
توركیا تیرۆریستانی سوریا رەوانەی وڵاتێكی تر دەكات

راچڵەكین

گروپە تیرۆریستییەكانی سوریا بەرەو لیبیا دەگوازرێنەوەو روانگەی سوریاش بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات، ئەو گروپانەی لەلایەن توركیاوە دەگوازرێنەوەو بەكاردەهێنرێن لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

بەشی عەرەبی ماڵپەڕی سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ 17-1-2020، ژمارەیەكی دیكە لە چەكدارە تیرۆریستییەكانی سوریان لەرێگەی توركیاوە رەوانەی لیبیا كراون و لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ لە پایتەختی ئەو وڵاتە جێگیركراون.

ماڵپەڕەكە لەسەر زاری رامی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری رەوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاشكرایكردووە، ئەو گروپە چەكدارەی كە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە لیبیا، ژمارەیان 260 چەكداری سەر بە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریان و ئامانج لە رەوانەكردنیشیان، بەمەبەستی بەشداریكردنیانە لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی حكومەتەكەی فایز ئەلسەراج، كە هاوپەیمانی توركیایە.

رامی عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەشكردووە، بە گەیشتنی ئەو ژمارە چەكدارە بۆ لیبیا، كۆی ژمارەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كە رەوانەی ئەو وڵاتە كراون، گەیشتووەتە دوو هەزار چەكدار.