پارتی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی دیاریکرد

301 جار خوێندراوەتەوە کات05:56 بەروار18-01-2020
پارتی وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی دیاریکرد

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەمڕۆ شەمممە 18/1/2020 كۆبووەوە و لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەش، ئاماژە بەوە كراوە، بڕیاردراوە لە ساڵی 2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت.

لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی، پشتیوانی لە پرۆسەی چاكسازی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆسەكە دووپات كردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی بە بەستنی كۆنگرەی 14ەمینی پارتی دیموكراتی كوردستان تاووتوێ كراوە و تێیدا هاتووە "لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكارییە زۆر و خێراكان لە ناوخۆ و دەوروبەرو زیاتر گڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاریدا لە ساڵی 2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات".

دەقی راگەیەندراوەكە:

"راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/1/2020 ئەنجام درا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

تەوەری یەكەم: رووداوە گرنگەكانی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020 كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردارو پەرچە كردارانەی روویان داو هەروەها بریارو راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەماو پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بریارە چارەنوس سازەكان.

تەوەری دووەم: باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی... بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەرەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بووەتەوە بەجۆرێك كە زیاتر لە 30% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبوونەوە رای وابوو كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عێراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردچن لە ئاستی خواست و ویست و بەرژەوەندی كۆی هاوڵاتیانی عێراقی دا بێت و لە تاكڕەوی بە دووربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق نەكەوێتە مەترسیەوە.

تەوەری سێ‌ یەم: كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستای چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەوبوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانە دی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابین كردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.

تەوەری چوارەم: لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆرانكاریە زۆرو خێراییەكان لەناوخۆو دەوروبەرو زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان