وێنە و ڤیدیۆ...كۆسرەت ڕەسول پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم كرد

118 جار خوێندراوەتەوە کات06:40 بەروار18-01-2020
وێنە و ڤیدیۆ...كۆسرەت ڕەسول پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم كرد


راچڵەكین ـ

‎ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 18/1/2020،  لەشاری هەولێر، كۆسرەت ڕەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە ستیف فەیگن، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان.

‎لە سەرەتای دیدارەكەدا كونسوڵی ئەمریكا پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی لەكۆسرەت ڕەسول، كرد.
‎لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا، كۆسرەت ڕەسول سوپاسی ئەمریكاو وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە هەمیشە هاوكارو پشتیوانی كورد بوونە.

‎بەشێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی كوردستان و هەنگاوەكانی چاكسازی لەنێو هێزی پێشمەرگە، هەردوولا گفتوگۆی وردیان كرد لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازی و جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ هەنگاوی جدی بنرێ بۆ ئەم پڕۆسەیەو پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردەوە.

‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، هەریەك لە كۆسرەت ڕەسول و كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم هاوڕابوون كە گفتوگۆ ببێتە بنەمای كاركردنی نێوان هەرێم و بەغداو سەرجەم كێشەكان بەگفتوگۆ و لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن.

‎پەیوەست بەدۆخی كوردستان كۆسرەت ڕەسول دووپاتی كردەوە كە لە هەموو كات زیاتر پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكگوتارو یەكگرتوو بێ.