ئێران سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانییەكە رادەست دەكاتەوە

70 جار خوێندراوەتەوە کات08:00 بەروار18-01-2020
ئێران سندوقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانییەكە رادەست دەكاتەوە

راچڵەكین ـ

سندوقی رەشی فڕۆكەكەی هێڵی ئاسمانیی ئۆكراینا كە راگەیەنرا بە هەڵە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، لەسەر داوای ئۆكراینا، رادەستی حكوومەتی كیێڤ دەكرێتەوە. 

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نیمچە فەرمیی تەسنیمی ئێران، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رووداوەكان لە دامەزراوەی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەكانی ئێران، حەسەن رەزاییفەر، ئاشكرایكرد، سندوقی رەشی ئەو فڕۆكەیەی لە تاران بە مووشەك خرایە خوارەوە، رەوانەی ئۆكراینا دەكرێتەوە. 

حەسەن رەزاییفەر، باسی لەوەكرد، كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پسپۆڕان كە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لە ئۆكرایناوە هاتبوون، ئەنجامداوە و رایگەیاند "سندوقە رەشەكە لە ئێران ناكرێتەوە. بەڵكو لەسەر خواستی ئۆكراینییەكان رەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێتەوە". 

رەزاییفەر باسی لەوەكرد، بە هاوكاریی شارەزایان لە هەریەك لە فەڕەنسا، كەنەدا و ئەمەریكا سەرەتا هەوڵدەدرێت سندوقە رەشەكە لە كیێڤ بكرێتەوە و رایگەیاند "ئەگەر نەتوانرا لەمەدا سەركەوتن بەدەستبهێنرێت، ئەوا سندوقە رەشەكە رەوانەی فەڕەنسا دەكرێت".