رێكەوت زەكی؛ هۆكاری دواكەوتنی پێدانەوەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا بە حكومەت ئاشكرا دەكات

292 جار خوێندراوەتەوە کات08:12 بەروار18-01-2020
رێكەوت زەكی؛ هۆكاری دواكەوتنی پێدانەوەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا بە حكومەت ئاشكرا دەكات

راچڵەكین ـ

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەی ئاسانكاری بۆ كۆمپانیای نالیا كردووە، قەرزەكانی نەداتەوە و ماوەی دوو  جار وادەی دانەوەی قەرزەكانی بۆ درێژ كردووەتەوە وەزیری پێشووی دارایی حكومەتی هەرێم بووە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان.

رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "راستە ئەوەی ئاسانكاری بۆ وەرگرتنی قەرزەكەی كۆمپانیای نالیا كرد نوێنەرەكانی یەكێتی بوون لە حكومەتی ئەو كاتە، بەڵام ئەوەشی كاتی گێڕانەوەی قەرزەكەی دوو جار بۆ درێژەكردەوە رێباز حەملانە، كە ئەو كات لەسەر پشكی گۆڕان وەزیری دارایی بوو، ئەمەش كۆمپانیای نالیای لە تەنگژەیەكی گەورەی دارایی رزگاركرد، چونكە دەبوو رەهنەكانی قەرزەكە بفرۆشرایەت، رەهنەكانیش شوقەی خەڵك بوو لە گوندی ئەڵمانی".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە درێژەی روونكردنەوەكەیدا نووسیویەتی "لە سەرەتای مانگی ئابی 2014، كە سەرەتای قەیرانی دارایی بوو، زانیاریمان پێگەیشت كە كۆمپانیای نالیا قەرزەكانی نەگێڕاوەتەوە و وەزیری دارایی كار ئاسانییان بۆ دەكات، خۆم چوومە ئەو بانكەی كە قەرزەكەی دابوو لە سلێمانی، بەڕێوەبەر و ستافی بانكەكە ئامادە نەبوون بەڵگەكان بخەنە بەردەستم، دوایی وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڵگەكانم بینی".

ئاماژەی بەوەش كردووە، بەڕێوەبەری ئەو بانكە لە لایەن وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكەیەوە دواتر بەتەلەفۆن لێپێچینەوەی لەگەڵكرابوو بەهۆی ئەوەی ئەوەلیاتی نیشانی ئێمەدابوو، بۆیە وەزیر رێگەی نەدا كە كۆی سەرەتاكان بە فەرمی وەك ئەنجومەنی پارێزگا وەربگرین.

لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا رێكەوت زەكی، ئاشكرایكردووە "لەو بێنە و بەردەی وەرگرتنەوەی قەرز و ئیجرائاتی یاسایی، بەرامبەر رەهنەكانی قەرزەكە برادەرانی گۆڕان دەیان وت و بە وەزیری دارایشیان وتبوو پارەكە لای شاسواربێت باشترە كە دامەزراوەیەكی ئازادی راگەیاندنی پێ داناوە، وەك لەوەی یەكێتی و پارتی بیدزن".