سۆران؛ ئەو دوو هاوسەرەی دوابەدوای یەك گیانیان لەدەستدا.. بەخاك سپێردران

388 جار خوێندراوەتەوە کات03:47 بەروار19-01-2020
سۆران؛ ئەو دوو هاوسەرەی دوابەدوای یەك گیانیان لەدەستدا.. بەخاك سپێردران

راچڵەكین-

تەرمی ئەو دوو هاوسەرە لەتەنیشت یەكەوە بە خاكسپێردران، كە دوابەدوای یەك و پیاوەكە بەدیار تەرمی هاوسەرەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

كاتكۆ ٦:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 19-1-2020، كاتێك لە مزگەوت گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، حیكمەت مەحمود-ی تەمەن ٥١ ساڵ بانگی سەروین كەسەبار-ی هاوسەری كرد، تاكو هەستێت نوێژی بەیانی بكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك وەڵامی نەدرایەوە و كاتێك تەماشا دەكات، جەستەیەكی بێگیان دەبینێت.

بە بینینی جەستەی بێ گیانی هاوسەرەكەی، حیكمەت بانگ لە منداڵەكانی دەكات و بەیەكەوە سەروین دەبەن بۆ نەخۆشخانە، بەئومێدی ئەوەی بەهاوكاریی پزیشك و بە وەرگرتنی چارەسەریی، ڕۆح بكرێتەوە بە بەریدا و خۆشەویستییەكەی باڵ بكێشێتەوە بەسەر ماڵەكەدا، بەڵام بێ سود دەبێت پزیشك پێیان دەڵێت، كە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.

لەكاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە و ئامادەكاریی بۆ ناشتنی تەرمەكەی، حیكمەت مەحمود، بەدیار تەرمی هاوسەرە ٤٧ ساڵەكەیەوە دادەنیشێت و حاڵی زۆر پەرێشان دەبێت، دوای ٣٠ خولەك لە شین و زارییكردن بەدیار تەرمەكەوە، حیكمەت-یش گیان لەدەستدەدات، كەسوكارەكەشی دەڵێن، ئەو دوو هاوسەرە زۆر یەكتریان خۆشویستووە و حیكمەت بەرگەی گیانلەدەستدانی هاوسەرەكەی نەگرتووە، بۆیە خۆشی گیانی لەدەستداوە.

ئەم چیرۆكە لە گوندی باڵەیانی سەر بە شارۆچكەی سۆران-ی پارێزگای هەولێر ڕوویدا و هەر ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندەكە تەرمی هەردووكیان لە تەنیشت یەكەوە بە خاكسپێردرا.

ئەو دوو هاوسەرە وەفادارە لەدوای خۆیان دوو كچ و كوڕێكیان بەناوەكانی (ژاڵە، مەروا و عەبدوڵا) بەجێهێشت.

عەبدوڵا، باس لە ساتی گیانلەدەستدانی باوكی دەكات و دەڵێت: دەمویست باوكم ئارام بكەمەوە، بەڵام هیچ توانایەكی نەمابوو، تەنیا هاواری دەكرد و دەگریا، باوكم و دایكم زۆر یەكتریان خۆش دەویست، وەك هاوڕێ بوون.

هەروەها، ژاڵە حیكمەت، بە داخ و حەسرەتێكی زۆرەوە دەڵێت: هیچ كەس نابێت بە دایك و باوكی من، ئەوان نمونەی سەردەمن لە وەفا و خۆشەویستیی، دڵنیام باوكم لەتاو ئازاری دایكم گیانی لەدەستدا.

دەرباز شێخە، خزم و دراوسێی ئە خێزانەیە و دەڵێت: ئێستا كە خۆشەویستیی و عەشقی ڕاستەقینە نەماوە، ئەوان راستگۆیی و عیشق و وەفایان نیشاندا.


س: رۆژ نیوز