وڵاتانی جیهان لەسەر عیراق رێكدەكەون

5366 جار خوێندراوەتەوە کات09:02 بەروار19-01-2020
وڵاتانی جیهان لەسەر عیراق رێكدەكەون

راچڵەكین

وڵاتانی جیهان و ناوچەكە لەسەر دۆخی عیراق دەگەنە رێككەوتن، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاشكرایدەكات، سەرجەم وڵاتان رێككەوتوون لەسەر مانەوەی سیستمی سیاسیی و حوكمڕانیی ئێستای عیراق و لەگەڵ گۆڕانكاریدا نین.

ئەحمەد كینانی ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند، سەرجەم وڵاتانی جیهان، بە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبییش، لەگەڵ ئەوەدان دۆخی سیاسیی عیراق بەم شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوەو هیچ گۆڕانكارییەك روونەدات.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی بغداد الیوم، ئاماژەی بەوەشكردووە، وڵاتانی جیهان و ناوچەكە هەرچەندە دەزانن كە سیستمی حكومڕانیی ئێستای عیراق سیستمێكی زۆر خراپەو لەسەر بنەمای موحاسەسەی حزبی و پێكهاتەیی دامەزراوەو گەندەڵییش بەشێوەیەكی ترسناك بڵاوبووەتەوە، بەڵام نایانەوێت گۆڕانكاری لەعیراقدا رووبدات، چونكە لەو بڕوایەدان پێچەوانەی دۆخی ئێستا، هەنگاونانە بەرەو چارەنووسێكی نادیارو ناوچەكەش دەخاتە بەردەم مەترسیی تەقینەوە.

ئەندامەكەی هاوپەیمانیی فەتح ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرێك لە وڵاتانی جیهان و ناوچەكە، كارتی گوشاریان لەدژی عیراق بەدەستەوەیە، بەڵام ئەو كارتانە لەپێناو گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی بەكارناهێنن و دەیانەوێ دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.