10 هۆكار ئازاری ماسولکەو جومگەکان لە زستاندا زیاد ده‌كات

875 جار خوێندراوەتەوە کات09:53 بەروار19-01-2020
10 هۆكار ئازاری ماسولکەو جومگەکان لە زستاندا زیاد ده‌كات

ڕاچڵه‌كین-

لەزستاندا و لەکەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسولکەو جومگەکان بەگشتی زیاد دەکەن، بەڵام زیاتر ئەو جومگانەی دێشێت ئەژنۆکان و جومگەی حەوز و قولەپێیە، لەڕاستیدا ھەتا ئێستا توێژینەوەکان لەسەدا سەد نەیان سەلماندووە ھۆکاری سەرەکی ئەوەی ئازاری ماسولکەو جومگەکان لە زستاندا چین ، بەڵام ھەندێک لە پزیشکەکان ھۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە كه‌ دكتۆره‌ هه‌ڤین پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج له‌م بابه‌ته‌دا باسی لێوه‌ده‌كات.
 
1- لەوەرزی زستان و لەکاتی سەرمادا جەستە ھەوڵ دەدات گەرمی خەزن کات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەکان  لەکاتی ڕوودانی ئەمەدا، ئەو بۆری خوێنانەی لەپەلەکانن گرژدەبن و کەمتر خوێن بچێت بۆیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و ڕەق بن ، کەئەمەش ئازار و ناڕەحەتی دروست دەکات .

2- یەکێکی تر لەبیردۆزەکان ئەوەیە لەکاتی زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی ھەوادا ڕوودەدات دەبێتە ھۆی زیادکردنی ھەوکردن لە جومگەکان بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان ڕۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەبووە پێشتر، ئەم ھەوکردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سووربونەوە دروست دەکەن . وەھەروەھا دەمارەکان ھەستەوەر تر دەبن بۆ ھەستی ئازار.

3- کەشی سارد وادەکات ماسولکەکان زووتر گەرمی وونکەن، ئەمەش دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەق بوونی ماسولکەکان، وە ووزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ ھەڵسان بە کارەکانیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار .

4- ووشکبوونەوە بەھۆی سەرماوە: لەبەرئەوەی لەکاتی سەرمادا مرۆڤ ئاو کەمتر دەخواتەوە وەک لە کاتەکانی تر، بۆیە لەشی مرۆڤ تووشی ووشک بوونەوە دەبێت. و ەلەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگی لینجی نێوان جومگەکانە ، کەمبوونەوەی لینجی نێوان جومگەکان کەمدەکاتەوە و بەوەش ئازار و ڕەقبوون دروست دەبێت .

5- ھەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن لەکاتی وەرزی زستاندا ، خواردنەوە گەرمەکانی وەکو : چا و قاوەو نیسکافە ، بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر دەخورێتەوە ، کەئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کافایینی تێادایە کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار لەجەستەدا .

6-چەند توێژینەوەکی تر دەڵێن : لەزستاندا چالاکی کەمترە بەگشتی و وەرزش کردن کەمتر دەبێتەوەو خەڵک زیاتر دەنوێت یان ڕادەکشێت و پاڵدەکەوێت لە ژوورەوەو کەمتر دێنەدەرەوە ، بۆیە ماسولکەکان تەمەڵ دەبن و جومگەکان ڕەقدەبن لەئەنجامی کەمی جووڵە ، کەئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازار لەکاتی جوڵاندن و ھاتوچۆدا .

7-شێداری لەگەڵ سەرما ھەردووکیان کاریگەریان ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازاری جومگەکان ھەیە، ئەویش بە ھۆی کاریگەرە خراپەکانیان لەسەر تەندروستی ئێسک و کرکڕاگەی جومگەکان .

8-لەکاتی سەرمادا ئەو لینجییەی لەناو جومگەکاندا ھەیە (synovial fluid)خەست دەبنەوەو بە باشی ھاتوچۆ ناکەن لەنێوان جومگەکاندا کەدەبێتە ھۆی ڕەقبوون و کرتەکرت کردنی جومگەکان .

9-لەکاتی کەشی ساردا ، ھەستەوەری دەماری ناو جومگەکان زیاد دەکات ، بەھۆی دروستبوونی ھەوکردن و لێکخشان بەھۆی سەرماوە .

10- بوونی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەکو ڕۆماتیزم ، شەکرە ، ڕایناود سیندرۆم (raynaud's phenomena)، غودە ، ئەگەری دروستبوونی ئازار زیاد دەکەن .