ئێزدییەكان دژ بە ئیكسۆن مۆبیل.. هانا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەبەن

217 جار خوێندراوەتەوە کات09:47 بەروار20-01-2020
ئێزدییەكان دژ بە ئیكسۆن مۆبیل.. هانا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەبەن

راچڵەكین-

ئێزدییەكان لە سكاڵایەكدا بۆ ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە كەسانێكیان وەك پاسەوان دامەزراندووە، ئەو كەسانە لە ساڵی 2013 تەقەیان لە هاووڵاتیانی مەدەنی كردووە و دوو كەسیان كوشتووە. جیا لەمە كارەكانی كۆمپانیاكە هەزاران كەسی لە شوێنەكانی خۆیان هەڵكەندووە.
 
دەقی ئەو سكاڵایەی ئێزدییەكان دەست رۆژنامەی (ساندەی تێلێگراف)ی بەریتانی كەوتووە كە تێیدا هاتووە:" كارەكانی كۆمپانیاكە نزیكەی 5000 كەسی ناچار كردووە ناوچەكە چۆڵ بكەن، لە كاتێكدا كۆمپانیاكە نەیتوانیوە لە نێوان 2011 بۆ 2013 لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە گفتوگۆ بكات، ئەوەش بە پێشێلكردنی دەستووری عێراق ناودەبەن."
 
كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لە بەیاننامەیەكدا ئەو تۆمەتانە بە "بێ بنەما" وەسف دەكات و جەخت دەكاتەوە لەوەی "رێز لە مافەكانی مرۆڤ" دەگرێ و بەپێی هەموو یاسا و رێنماییە پەیوەندیدارەكان كاری كردووە. 
 
مێژووی كاركردنی ئیكسۆن مۆبیل لە عێراق بۆ ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی رۆیاڵ داچ شێڵ، كۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) و تۆتاڵی فەرەنسی، كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراقیان دامەزراند.
 
لە عێراقی پاش حكومەتی بەعس، كۆمپانیا ئەمریكییەكە لە سەرەتای 2010 گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی باشووری عێراق واژۆ كرد كە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی قوڕنەی رۆژئاوا لە پارێزگای بەسرە بوو. كەمتر لە دوو ساڵ دواتر، هەمان كۆمپانیا گرێبەستێكی بۆ كاركردن لە شەش كێڵگە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد، ئەوەش ناڕەزایی حكومەتی بەغدای لێكەوتەوە.
 
سكاڵاكە لەلایەن نالین سویلۆ، كەسایەتی سیاسیی ئێزدییەوە بەرزكراوەتەوە و لە بەشێكیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بە پێشێلكردنی مافی ئێزدییەكان تۆمەتبار دەكات. سكاڵاكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات كە مۆڵەتی كاركردن لە ناوچە ئێزدییەكانی بە كۆمپانیا ئەمریكییەكە داوە، بێ ئەوەی قەرەبووی خەڵكی ناوچەكە بكاتەوە یان راوێژیان پێبكات.
 
بەپێی دۆكیۆمێنتەكە، خەڵكی ئێزدی ناوچەكە لەدژی كارەكانی ئیسكۆن خۆپیشاندانیان رێكخستووە و لە یەكێك لە حاڵەتەكاندا ئەنجوومەنێكی خۆجێییان بۆ پاراستنی ژینگە و مافە گشتییەكان پێكهێناوە. ئامانجی ئەنجوومەنەكە ئەوەیە پشتگیری لە كەیسی دژایەتی كارەكانی كۆمپانیا ئەمریكییەكە بكات.
 
لە بەشێكی دیكەی سكاڵاكەدا، نالین سویلۆ باسی رووداوێك دەكات كە پاسەوانەكانی كۆمپانیاكە تەقەیان لە هاووڵاتیانی مەدەنی كردووە: "لە ساڵی 2013، ئیكسۆن هێزی ئەمنی لە خەڵكی خۆجێیی دامەزراند، ئەوان تەقەیان لە چالاكڤانانی ئێزدی كرد و دوو لەوانیان كوشت. حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیكسۆن رەتیدەكەنەوە (لەو پەیوەندییەدا) هەنگاو بنێن. ئەوان گوێی خۆیان لەو بانگەشانە خەواندووە كە ئێزدییەكان بۆ خاكی باوباپیرانی خۆیان هەیانە و خاكی داگیركراوی ئێزدییەكانیان كڕیوەتەوە".
 
سەلما حوێربی، نوێنەری گروپی ناوەندی سەرچاوەی بزنس و مافەكانی مرۆڤ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ "ئێمە نیگەرانین بە بیستنی ئەو تۆمەتە جدییانە. كۆمپانیاكانی نەوت دەبێ هەوڵ بدەن مافەكانی ئەو خەڵكە بپارێزن كە كۆمپانیا كار لە ناوچەكانیاندا دەكات، لەوانەش دەبێ لە توندوتیژی و لەدەستدانی خاك بیانپارێزێ، بە تایبەتیش لە ناوچەكانی جەنگ".

س: رووداو