نابیستان لەنێوان گۆشەگیری و تێكەڵبوون بە كۆمەڵگا

117 جار خوێندراوەتەوە کات01:14 بەروار20-01-2020
نابیستان لەنێوان گۆشەگیری و تێكەڵبوون بە كۆمەڵگا

راچڵەكین-AA

ژیان بەبێ توانای بیستن كارێكی قورسە چونكە كەسی نابیست زۆر بە ئەستەم دەتوانێت گفتوگۆ و را گۆڕینەوە لەگەڵ كۆمەڵگا ئەنجام بدات، هەر لەبەرئەوە زۆرجار ژمارەیەكی چەند كەسی لە نابیستان لە شوێنێك كۆدەبنەوە و بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ و تاوتوێی ژیان و گوزەران و بابەتەكانی دیكەی رۆژ دەكەن.

هەرچەندە كەڕوڵاڵان یان نابیستان حەز ناكەن لە كۆمەڵگا جیابكرێنەوە و دەیانەوێت وەك هەر كەسێكی دیكەی ئاسایی سەیر بكرێن، بەڵام بێكاری یەكێك لە هۆكارەكانی جیابوونەوە و دابڕانی كەسانی نابیستە لە كۆمەڵگا و هەر ئەمەیش وایكردووە لە رێگای ئامێرەكانی پەیوەندییەوە، بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ لەگەڵ یەكتر بكەن و شوێنێك بۆ كۆبوونەوە و دانیشتن دەستنیشان بكەن كە زۆرجاریش پارك یان چایخانەكان هەڵدەبژێرن.

ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد، سەرۆكی كۆمەڵەی نابیستان،  بەزمانی ئاماژە دەڵێت: "ئێمە لە ساڵی ١٩٩٢ كۆمەڵەكەمان دامەزراوە، نزیكەی ٦٠٠ تا ٧٠٠ ئەنداممان هەیە، سەرەتا كار و چالاكییەكانمان باش بوو تا هاتنی تیرۆریستانی داعش، دوای ئەوە بارودۆخی ئێمەش وەكو كۆمەڵە خراپ بوو، كێشەی بێكاری زۆر بوو، ئەو بڕە مووچەیەی كە ئێستا وەریدەگرین بەشی پێداویستییەكانی رۆژانە ناكات، ئەمەیش وا دەكات كە كێشەی خێزانی دروست بێت".


ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد، سەرۆكی كۆمەڵەی نابیستان

ئیبراهیم، دەڵێت،نابیستان ژیان و گوزەرانیان خراپە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر نابیستان بەكاربخرێن ئەوا دەتوانن بژێوی ماڵ و منداڵییان دابین بكەن، وتیشی: "نابیستان دەستیان رەنگینە لە بوارەكانی كاری دەستی، بەڵام بەهۆی نەبوونی وەرشەیەك بۆ كاركردن، زۆربەی كاتەكانییان بە خەو یان چایخانەكان بەسەر دەبەن، ئێمە چەند جارێك لەگەڵ لایەنی حكوومەتدا قسەمان كردووە، بەڵام هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە".

سەرۆكی كۆمەڵەی نابیستان ئاماژەی بەوەشكرد، چینی نابیست، توێژێك نین كە ئەرك بن بەسەر كۆمەڵگاوە و وتی: "هەموو نابیستان دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و ئەوان ئەرك نین بەسەر كۆمەڵگا و لە زۆر بواردا دەست رەنگینن و ئەگەر شوێنكاریان بۆ دابین بكرێت دەتوانن لە بوارەكانی بەرگدروویی، ئاسنگەریی، دارتاشی و چەندین بواری دیكە كار بكەن و لە هەمانكاتدا سوودیان بۆ كۆمەڵگاش دەبێت".

پسپۆڕێكی زمانی ئاماژە كە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لەگەڵ نابیستان كار دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە نابیستان جیاوازن لەخاوەنپێداویستی تایبەت و ئەوان توێژێكن دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن بەهۆی دەستڕەنگینییانەوە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر شوێنكارێك بۆ نابیستان دابین بكرێت ئەوا دەتوانن جگە لەخۆیان سوودیان بۆ دەورووبەریش هەبێت بەهۆی حەز و ئارەزوویان لە كاركردن.


شنۆ تاھیر ،پسپۆڕی زمانی ئاماژە

شنۆ تاھیر ،پسپۆڕی زمانی ئاماژە،دەڵێت: "ماوەی ٢١ ساڵە كار لەو بوارەدا دەكەم، كێشەی سەرەكی نابیستان نەبوونی كارە و ئەمەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیانیان، نابیستان جیاوازن لە خاوەنپێداویستی چونكە ئەوان دەتوانن پشت بەخۆیان بەستن بە دابینكردنی شوێنێكی كاركردن و دەخوازن مووچەكەیان بدرێت بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆخۆشیان كار بكەن".

لەبارەی تایبەتمەندییەكان و جیاوازییەكانی نابیستان لەگەڵ كەسانی دیكە، شنۆ تاهیر وتی: "جیاوازییەكی وا نییە لەنێوان كەسی ئاسایی و نابیستان، ئەوان خەمی گەورەیان دابینكردنی بژێوی ژیانییانە بۆ خێزانەكانیان، حەز دەكەن لە كۆمەڵگا جیا نەكرێنەوە و دەیانەوێت تێكەڵ بە كۆمەڵگابن".

لەبارەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش، شنۆ تاهیر، ئاماژە بەوەدەكات: "نابیستان زیاتر هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیاندا دەكەن و هەر ئەمەیش سەركەوتووترە تا ئەوەی لەگەڵ كەسێكی دیكەی دا بیكەن و ئەوانەی لەم كۆمەڵەن هەموو هاوسەرەكانییان نابیستە، بەشێكی زۆریان كێشە لە منداڵەكانیاندا نییە، بەڵام خێزانی ئاواش هەیە كە هەم دایك و باوكەكە و هەم منداڵەكان نابیستن".

بەگوێرەی داتای یەكێتی جیھانیی نابیستان لەسەرتاسەری جیھاندا، ٧٢ ملیۆن نابیست ھەیە، سەدا ٨٠ی ئەو ژمارەیە لە وڵاتە ھەژارەكان دەژین و زیاتر لە ٣٠٠ زمانی ئاماژە بەكاردەھێنن.

زمانی ئاماژە، زمانێكی سرووشتی تەواوكەرە، سەرباری جیاوازی لەگەڵ زمانی قسەكردن كە شانبەشان لەگەڵ یەكدا دەژین، زمانی ئاماژەی نێودەوڵەتی ھەیە كە نابیستەكان بەكاریدەھێنن لەكاتی گەشتكردنیاندا.

كۆمەڵەی گشتی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ١٩ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، بڕیاریدا ٢٣ی ئەیلوولی ھەموو ساڵێك ببێت بە رۆژی نێودەوڵەتی زمانی ئاماژە لەپێناو بایەخدان و گرنگیپێدان بە زمانی ئاماژە.