یاسای چاكسازی گۆڕان رزگار دەكات؟

1320 جار خوێندراوەتەوە کات03:05 بەروار20-01-2020
یاسای چاكسازی گۆڕان رزگار دەكات؟

(1)
یەكێك لە مەرجەكانی بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمدا ئەوە بوو كە حكومەت دەبێ لە ماوەی شەش مانگدا یاسای چاكسازی لە خانەنشینی، مووچە و دەرماڵە لە پەرلەمان تێپەڕێنێ. رەنگبێ پەلەپەلی حكومەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە، بەشێكی بۆ ئەوە بووبێت كە گۆڕان لەو ئیحراجییە سیاسی و ئەخلاقییەی بەرەوڕووی دەبووەوە رزگار بكات. نزیكەی شەش مانگ بەسەر تەمەنی كابینەی حكومەتدا تێپەڕی و نوێنەرانی گۆڕان لە حكومەت و پەرلەمان، دەبوو بە دەستكەوتێكی ناچیزیش بێت، پاساوێكیان بۆ دەنگدەرانیان هەبێ.
 
پارتی عاقڵانە و بەبێدەنگی تۆپێكی ئاگری هەڵدایە ناو كۆشی پەرلەمانتارانەوە و خۆیشی لە دوورەوە سەیری پێكهەڵپژان و دەمەچەقێی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی دەكرد. تێكەڵكردنی ئیمتیازاتی خانەنشینیی پەرلەمانتاران لەگەڵ خانەنشینانی دیكە بووە هۆی ئەوەی بە درێژایی چەند هەفتەی رابردوو هەموو فۆكەسەكە بكەوێتە سەر خانەنشینیی پەرلەمانتار كە دەكرا دواتر بە یاسایەكی تایبەت ئەو مەسەلەیە ببردرایە پەرلەمان. چونكە بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران (نەوەی نوێی لێدەرچێ) ئەوەندەی لە فكری خانەنشینیی خۆیاندا بوون، هێندە لە خەمی چینی كەمدەرامەتی وڵاتدا نەبوون كە دەبوو یاساكە ئاستی بژێویی ئەوان بەرزتر بكاتەوە.
 
تێكڕای مووچە و خانەنشینیی پلە باڵاكان لە كۆی 894 ملیار دیناری مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی نزیكەی 8 ملیار دینارە كە لە باشترین حاڵدا نیوەی ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت و رەنگبێ لەوەی كە دەمێنێتەوەش بە هەمووی 15 تا 20 ملیار دینارێك بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، هەر بۆیەش ئۆپۆزیسیۆن دەنگی پێنەدا، چونكە پێیانوابوو چاكسازییەكە لە خزمەت خەڵكی كەمدەرامەت نییە.
 
راستییەكەی هەڵسەنگاندن بۆ گرنگیی یاساكە كاتێك مەنتقی و جێگەی بڕوا دەبێ كە حكومەت توانیبای قڕووش بە قڕووشی داهاتەكانی و پێبەخشراوەكانی خۆیشی بخاتەڕوو، چونكە تا ئێستاش (بە پێچەوانەی یاساكەی پێشوو لە كابینەی هەشتدا) بە روونی دیار نییە بەو چاكسازییە، چ مەبلەغێك پارە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت؟
 
ئەو یاسایە گۆڕان رزگار ناكات، چونكە نامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ فراكسیۆنی گۆڕان لە 2012 بە روونی داوا لە پەرلەمانتارانیان دەكات هەموو جۆرە خانەنشینییەك رەتبكەنەوە، بەڵام ئێستا كە گۆڕان وەك شەریكی حكومەت تەپڵی سەركەوتن (سەركەوتنێك كە نە هی ئەوانە و نە هی یەكێتیش) بۆ كەمكردنەوەی خانەنشینی بۆ 50% لێدەدات، دەبێ بزانن كە تەنیا مەكرەمەیەكیان وەرگرتووە.
 
گەردەلوولە زەردەكەی ناو یەكێتی
 
(2)
لە دوای كۆنگرەوە، یەكێتی قوفڵ بووە. ئەنجامی دەنگدانەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی و ئەو پەلەپڕوزێیەی بۆ تێپەڕاندنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو هەبوو (تەبعەن وەك تەحەددایەك بۆ ئەوانەی دەیانگوت یەكێتی كۆنگرەی پێ نابەسترێ)، وایكرد كۆمەڵێك خاڵی جەوهەری كە هەرە گرنگەكەی پەیكەری ئیدارەدانی یەكێتی، دەسەڵات و پەیوەندیی ئۆرگانەكان بوو، نادیدە بگیرێت. ئەگەرچی لە كۆنگرەدا بە زۆرینەی دەنگ بنەماكانی پەیڕەوی ناوخۆ و هەیكەلیەتی ئیداریی یەكێتی لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و سەركردایەتیی حزبەكە پەسەند كران، بەڵام شەیتان لە وردەكاریەكاندایە!
 
پێناچێ پارتی بەو پێكهاتە نوێیەی یەكێتی خۆشحاڵ بێت، بۆیە بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی پێیانوایە موبارەكە نەكردنی پارتی و ئەو موقاتەعە سیاسییەی لە نێوان دوو حزب و دوو سەركردایەتیدا روویداوە، نیشان دەدات كە پارتی حەز دەكات بتوانێ رێچكەی هەندێك لە پێشهاتەكان بە شێوەیەك بگۆڕێ یەكێتی قەت نەتوانێ ببێتەوە بە یەكێتییەكەی جاران. هاوكات فاكتەری لەناوچوونی قاسم سلێمانیش تا راددەیەكی یەكجار زۆر كاریگەری بەسەر هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبووە. بۆیە ئەو جەمسەربەندییەی ئێستا لەناو یەكێتیدا درووست بووە، جەمسەری یەكەم كە بریتین لە كۆسرەت رەسوڵ و كەركووكییەكان و، جەمسەری دووەمیش ماڵباتی تاڵەبانی، شێخ جەنگی و برایم ئەحمەد، كارتەكانیان خستووەتە سەر مێز. رەنگبێ هەردوولا لەسەر دانانی سەرۆكی ئەنجوومەن (بۆ بەرهەم ساڵح) هاوڕا بن، بەڵام ماڵباتی تاڵەبانی داوای دوو جێگر (لاهوور و بافڵ) و بەرەكەی دیكەش داوای چوار یان پێنج جێگر دەكەن. رەنگبێ پارتیش لەدەرەوەڕا پێی باش بێت تەنیا یەك جێگر هەبێت كە ئەویش یەكێك بێ لە كوڕەكانی تاڵەبانی، بە تایبەتیش ئەگەر قوباد بێت.
 
كۆنگرەی (ئاسایی)ی پارتی
 
(3)
پار و ئەمساڵ، بەشی زۆری حیزبەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی بەغدا بێبەش نەبن، كۆنگرەیان بەست. ئەخیرەن پارتیش بڕیاری دا لە نێوان مانگی 6 بۆ 10 كۆنگرە ببەستێ. ئەوەش دەریدەخات كە جارێ تا دوای مانگی شەش هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێ. پارتی نزیكەی نۆ ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە و بەهەمان ئەندازەش سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكانی پیر بوونە و پێویستی بەوەیە ناوماڵی خۆی بتەكێنێ. هاوكات هەڵسەنگاندنیش بۆ ئەدای ئەوانە بكات كە نۆ ساڵ پێش ئێستا هاتنە نێو سەركردایەتییەوە. ئەزموونی پیرەكان و تین و توانای گەنجەكان، لە چەند هەڵبژاردنی رابردوودا، رەنگدانەوەی هەبووە لە هەڵكشانی دەنگەكانی پارتی. تا ئەو راددەیەی كە لە هەڵبژاردنەكانی 2018 دا بەبێ ركابەرەكانی توانای پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی هەبوو.
 
بە دڵنیاییەوە ئەم كۆنگرەیەش جیلێكی نوێ لە سەركردایەتی و بەرپرسیارێتی لە ئۆرگانەكانی پارتی دێنێتە پێشەوە. جیلی كۆنگرەی 13 دەبن بە پیرەكان و پیرەكانی ئێستاش، بەشی زۆریان رەنگبێ لە بارەگای بارزانییەوە درێژە بەكاری سیاسییان بدەن. هیچ موفاجەئەیەك لە كۆنگرەی پارتیدا روونادات، چونكە لەناو پارتیدا هیچ تێرمێك بەناوی (موفاجەئە) نییە و هەمووی یەكسانە بە (ئاسایی).